رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، هەردوو پڕۆژەى دووسایدی ( کەسنەزان – گۆمپەسپان) ، ( گۆمەسپان – سماقووڵی ) بەسەرکردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.9.21، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، هەردوو پڕۆژەى دووسایدی ( کەسنەزان – گۆمپەسپان) ، ( گۆمەسپان – سماقووڵی ) بەسەرکردەوە، کە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەرزی شەقام و بە دەستى کرێکارى خۆماڵى لەلایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپ بەچڕی کارکردن تێیدا بەردەوامە.

پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی لە نزیکەوە هەردوو پڕۆژەی بەسەرکردەوە، دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکاران و کۆمپانیایی هێمن گرووپ کرد، کە شەو و ڕۆژ بێ وەستان کار لە هەردوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی شاری هەولێر دەکرێت و بە تەواوبوونیان جگە لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان، لە ڕووی گەشتیاری و بازرگانیشەوە سوودی زۆری دەبێت بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان.

جێگەی باسە، هەردوو پڕۆژەی دووسایدی ( کەسنەزان – گۆمپەسپان ) و ( گۆمەسپان – سماقوڵی ) لە چوارچێوەی گەشەپێدانی ( بەنداوی گۆمەسپان ) وەك پڕۆژەیەكی گەشتیاریی و پەرەپێدانی ئابووری دەستى پێکراوە و هەردوو پڕۆژەش لەلایەن کۆمپانیای “هێمن گرووپ” جێبەجێدەکرێت، بە تەواوبوونیان ڕێگای ( هەولێر – سماقووڵی ) کە ڕێگایەکى ستراتیژى گرنگە و هەردوو پارێزگای ( هەولێر و سلێمانی ) بەیەكەوە دەبەستێتەوە بە درێژیی ( 38 کیلۆمەتر ) دەبێتە دوو ساید.