ڕائیب جادر – هەولێر
ئەمڕۆ ٢١/٩/٢٠٢٥ ساڵی نوێی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات، بۆ ئەو مەبەستە لە سەرجەم قوتابخانەکان ئامادەکاریی کراوە و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە یەکێک لە قوتابخانەکان زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت. بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە حەوت ھەزار قوتابخانەدا دەخوێنن. وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ خوێندنی ئەمساڵ ٢٠٢٥-٢٠٢٦ بە تەواوی کراون، لە ماوەی کابینەی نۆیەم ٢١٤ قوتابخانەی نوێ دروست کراون، بۆ ئەمساڵیش ٢٨ قوتابخانە تەواو کراون، بە کۆی گشتیی شوێنی نوێ بۆ ١١٠ ھەزار قوتابی دروست کراون.
وەرگرتنی قوتابی نوێ لە ناوەندەکانی خوێندن
ساڵانە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەر لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن وادەی تۆمارکردنی قوتابییانی نوێ لە ناوەندەکانی خوێندن بڵاودەکاتەوە، ئەمەش وەکو نەخشە ڕێگەیەک بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ، وەرگرتنی قوتابییان لە ناوەندەکانی خوێندن لە ٢٣ی ٧ی ٢٠٢٥، تاوەکو ٢٠ی ٨ی ٢٠٢٥ بەردەوام بوو، تەمەنی وەرگرتنی قوتابییان لە باخچەی ساوایان و پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بەمجۆرە بوو، قۆناغی یەکەمی باخچەی ساوایان لە تەمەنی چوار ساڵییەوە، بەو مەرجەی ڕۆژی لە دایکبوونیان لە نێوان ١/١/٢٠٢١ تا ٣١/١٢/٢٠٢١ بێت. قۆناغی دووەمی باخچەی ساوایان لە تەمەنی پێنج ساڵی وەردەگیرێن، بەو مەرجەی ڕۆژی لە دایکبوونیان لە نێوان ١/١/٢٠٢٠ تا ٣١/١٢/٢٠٢٠ بێت. تۆمارکردنی ناوی منداڵان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، لە دایکبووی ١/١/٢٠١٩ تاوەکو ٣١/١٢/٢٠١٩، وەرگرتنی قوتابییان لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای شوێنی جوگرافی بوو، بەڵام لە قوتابخانە حکومییەکانی سیستمی ئینگلیزی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بە تیروپشک بوو و لە پۆلی دووەمی بنەڕەتی تا ١٢ ئامادەیی بەپێی توانای وەرگرتنی قوتابخانە، قوتابییان بە ھەڵسەنگاندن وەرگیران.
گواستنەوەی مامۆستایان
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، دەڵێت: ئەمساڵ ١٤٨ ھەزار مامۆستای دامەزرا و گرێبەستمان ھەیە، لەگەڵ ھەبوونی ٣٣ ھەزار فەرمانبەر لە وەزارەتی پەروەردە، ھەموو مامۆستایەکی میلاک پێویستە لە دەرەوەی شار خزمەت بکات و نابێت خزمەتەکەی لە پێنج ساڵ کەمتر بێت، ھەر مامۆستایەکیش داوای گواستنەوە بکات، ئەگەر بۆشایی دروست نەکات کار ئاسانی بۆ دەکەین، ناکرێت مامۆستایەک بگوازرێتەوە ببێتە ھۆی دروستکردنی بۆشایی و قوتابی بێ مامۆستا بمێننەوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی بەھۆی خانەنشینبوونی مامۆستایان دروست ببوو، ڕێکخستنەوەمان بۆ میلاکات کردووە و دووبارە بەشەوانەکانمان دابەشکردووەتەوە بەجۆرێک زۆرترین دادپەروەری تێدابێت، زیاتر لە ٣٠٠ مامۆستای وانەبێژی لادراو گەڕێندراونەتەوە، ١٠٠ بۆ ١٥٠ مامۆستای دیکەی وانەبێژی لادراویش بەپێی پێداویستیی پەروەردەکان و پسپۆڕی پێویست دەگەڕێندرێنەوە.
پاداشتکردنی مامۆستا و قوتابییان
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاندووە، ھەر مامۆستایەک زۆرترین قوتابی ھان بدات بۆ خوێندنەوە، وەکو مامۆستای ھاندەری ساڵ بۆ خوێندنەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و خەڵات دەکرێت.
بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، ھەر قوتابییەکیش لەسەر ئاستی قوتابخانە، زۆرترین کتێب بخوێنێتەوە، لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەییەوە خەڵات دەکرێت.
کوردستان کەوتە سەرنەخشەی ھەڵسەنگاندنی سیستمی پەروەردەیی
بۆ یەکەمین جار کوردستان کەوتە سەر نەخشەی ھەڵسەنگاندنی سیستمی پەروەردەیی لەسەر ئاستی جیھان بە بەشداریکردنی ھەڵسەنگاندنەکانی تیمس و پیسا، سەرەڕای ئەمەش، لە سەردەمی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یاسای پەروەرد و ڕێکخستنەوەی ڕێنمایی و یاساکان دەرچوو، ھاوکات ڕێکخستنەوەیەکی باشتر بۆ کەرتی خوێندنی ناحکومی کراوە.
گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو
گەڕاندنەوەی قوتابییانی دابڕاو بە ھەر ھۆیەک بەر پرۆسەی خوێندن، یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی ھەرێم، لە کابینەی نۆیەم ٣٣٣٤١ قوتابی دابڕاو گەڕێندراونەتەبەر خوێندن، بڕیارە لە ١ی مانگی داھاتوو ھەڵمەتێکی دیکە بۆ ئەم مەبەستە دەستپێبکات، بەگوێرەی ئامارەکان، ڕێژەی نەخوێندەواری بۆ ٨% کەمی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر کەم ببێتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان ٦٨١١ ناوەندی خوێندن ھەن
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان ٦٨١١ ناوەندی خوێندن ھەن کە پێکھاتوون لە باخچەی ساوایان، قوتابخانەی بنەڕەتی، دواناوەندی، ئامادەیی، فێرکردنی خێرا، پیشەیی و کۆمەڵگە و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت، لە پارێزگای ھەولێر ١٦١٩ ناوەندی خوێندن، سلێمانی ١٣٩٣، دھۆک ١٤٦٥، ھەڵەبجە ١٤٨، گەرمیان ٣٨٨، خوێندنی کوردی کەرکووک ٥٥٥، سۆران ٦٤٧، ڕاپەڕین ٣٧٠، زاخۆ ٢٠٦ و بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت ٣٨ دانە، لە کەرتی حکومی ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار قوتابییە و لە کەرتی ناحکومی ١٥٤ ھەزار قوتابییە.
١٤١٣٢٢ قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەخوێنن
لە کەرکووک، شنگال، خانەقین، مەخموور و چەند ناوچەیەکی دیکەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن ھەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆیان دابین دەکرێت، ١٤١٣٢٢ قوتابی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە ٧٣٨ قوتابخانە لەژێر سەرپەرشتیی ١٥٩٤٣ مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی دەخوێنن کە نزیکەی ١٠٠ ھەزاریان لە ٥٥٥ قوتابخانەی خوێندنی کوردی کەرکووکن. کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئامادەکاریەکی باش بۆ خوێندنی ئەمساڵ کراوە، مامۆستایان دەستبەکاربوونیان بۆ کراوە، پەرتووک لە کوردستانەوە بۆمان ھاتووە کە نزیکەی یەک ملیۆن پەرتووک دەبن و بەسەر قوتابخانەکانماندا دابەشکردووە، ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی قوتابییان زیاتر دەبێت، بۆ ساڵی نوێی خوێندن ٥٠٠ قوتابی لە خوێندنی عەرەبییەوە گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنی کوردی.
زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کتێبی نوێ چاپکراون
سەرتیپ حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: سەرجەم کتێبە کۆنەکانی ساڵانی ڕابردوو بەگوێرەی گرێبەستێکی وەزارەتەکە دەگەڕێتەوە کۆگای ناوەندی، ھەروەھا زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کتێبی نوێ سەرجەم وانەکان لە قۆناغی باخچەی ساوایان تاوەکو ١٢ـی ئامادەیی بە سەرجەم قوتابییان دەدرێن، کە لە باشترین چاپخانەی ئیمارات بە کوالێتی بەرز چاپکراون و ئامادەن، ھاوکات گۆڕانکاری لە بەشی زۆری پرۆگرامەکان کراوە.
دروستکردنی باڵەخانەی نوێ
کابینەی نۆیەم بایەخی تایبەتی بە کەرتی پەروەردە داوە، بۆ ئەم مەبەستە لە پاڵ گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و بەرەوپێشبردنی ئەم کەرتە، کاری لەسەر بەھێزکردنی ژێرخانی پەروەردە کردووە، وەزیری پەروەردە گوتی: لە کابینەی نۆیەم ٢١٤ قوتابخانەی نوێ دروستکراون لەگەڵ ٦٢٩ ژووری نوێی خوێندن، ھەروەھا کۆی گشتیتی لەم کابینەیە ١١٠ ھەزار شوێنی نوێ بۆ قوتابییان دروستکراوە، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی ١٦٧٠ قوتابخانەی دیکە، ئەمساڵیش ٤٣٤ قوتابخانەی دیکە نۆژەنکراوەتەوە، کارکردن لە ٣٠ قوتابخانە بەردەوامە و ٢٨ باڵەخانەی نوێ، کە ٤٧٣ ژووری خوێندنی نوێ لەخۆدەگرن دروست کراون، ھەروەھا لە ماوەی کابینەی نۆیەم ئەم پڕۆژانە لە کەرتی پەروەردە جێبەجێ کراون، ١٢٧ قوتابخانە کارەبای وزەی خۆریان بۆ دابینکراوە، پەروەردە پلانی داناوە بۆ ئەوەی ٧٢ قوتابخانەی دیکەش دابینکردنی کارەبای بکرێتە وزەی خۆر، کۆی گشتیی ٤٤٤١ ھۆبەی خوێندن دروست کراون، شوێنی نوێ بۆ ١١٠ ھەزار قوتابی دروست کراوە، سێ دەوامی لە ١٣٩ قوتابخانە کراوەتە ١١ قوتابخانە.

