رۆژنامەی ھەولێر

فەرماندەیی زێرەڤانی روونكردنەوە لەبارەی چاوپێكەوتنی پێشمەرگەیەك لە كەناڵێكی راگەیاندن بڵاو دەكاتەوە

فەرماندەی زێرەڤانی روونكردنەوە لەبارەی چاوپێكەوتنی پێشمەرگەیەك لەگەڵ كەناڵێكی راگەیاندن بڵاو دەكاتەوە، تێیدا جەخت دەكاتەوە كە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی ڤیو و بینەری زیاتر، ئیستغلالی ئازار و بەرائەتی پێشمەرگە نەكەن.

ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەی فەرماندەیی زێرەڤانییە

كەناڵی رووداو چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ پێشمەرگەیەک بەناوی (عەدنان زوهێر) کردووە کە برینداری شەڕی داعشە و نابەرپرسیارانە و بەبێ مۆڵەتی خۆی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی لێ بڵاو کردۆتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو پێشمەرگەیە نەخۆشی هەبووە و ڕووداو بەداخەوە ڕەچاوی دۆخی نەخۆشییەکەی نەکردووە، لەبڕی ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار بکات تەنیا لەبەر وروژاندنی خەڵک و بەدەستهێنانی ڤیوی زیاتر، ئیستغلالی ئازارەکانی ئەو پێشمەرگەیەی کردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە لەلایەن رووداوەوە، فەرماندەیی زێرەڤانی هەڵسا بە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە و دواجاریش دەرکەوت كە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر لەسەرەتای برینداربوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانە بۆ چاکبوونەوەی یارمەتییان داوە و هاوکاری کراوە و بە بەردەوامی ڕەچاوی دۆخی تەندروستی و ژیانی کراوە، هەروەها بە بڕیاری لیژنەی پزیشکی، وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشینی کردووە.

پێویستە راگەیاندنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە هیچ شێوەیەک بۆ سەبقی خەبەری و ڤیوی زیاتر ئیستغلالی ئازار و بەرائەتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نەکەن.

راگەیاندنی فەرماندەیی زێرەڤانی