بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری BMWـی رەنگی رەش و جامڕەشی بێ تابلۆدا گرتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە شەوانە لە رێگە و شەقامەکانی شاری سۆران، بەتایبەتی لە گەڕەکی کانی، سەرکێشی دەکرد و نمایشی مەترسیداری ئەنجام دەدا.
هاتوچۆی سۆران هۆشداری دەداتە شۆفێرانی دیکەش و رایگەیاند: “تیمەکانمان دەست بەسەر هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا دەگرن کە لە کاتی لێخوڕیندا پابەندی یاسا و بنەماکانی لێخوڕینی سەلامەت نابن و مەترسی دەخەنە سەر ژیانی خۆیان و هاووڵاتییانی دیکە”.
لە کۆتاییدا راگەیێندراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە “بە ئەرکی خۆمانی دەزانین دەست بەسەر هەموو ئۆتۆمبێلە سەرپێچیکارەکاندا بگرین بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان”.

