رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی کەرتی تایبەت ئاگادار دەکاتەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئەیلوول، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی کەرتی تایبەت کرد، سەبارەت بەو نەخۆشانەی کە پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری، پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز (HIV) یان هەوکردنی جگەری جۆری (Hepatitis B)ـن.

لە گشتاندنەکەدا هاتووە: “پێویستە نەشتەرگەرییەکە بە هەمان نرخ بۆ نەخۆش ئەنجام بدرێت و نابێت نرخی نەشتەرگەرییەکە زیاد بکرێت یان دوو هێندە بکرێت”.

وەزارەتەکە جەختیشی کردووەتەوە: “نابێت نەشتەرگەرییەکە دوابخرێت یان رەت بکرێتەوە، هەروەها نابێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا پارەی زیادە لە نەخۆش وەربگیرێت”.

ئەم رێنماییە لە کاتێکدایە کە هەندێک جار نەخۆشخانەکان بە بیانووی مەترسیی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و بەکارهێنانی کەرەستەی تایبەت، نرخی نەشتەرگەری لەسەر ئەو جۆرە نەخۆشانە زیاد دەکەن.