ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
لە بڕگەی یەکەم، دواپێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاوتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی پەسەند کرا لەلایەن هەردوو لاوە.
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستە تەکنیکیانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەکانیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.
ئینجا ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند کرا و ڕەوانەی بەغدا کرا.
بەپێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیریی لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات (جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناغەش لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێ قۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیەوە بینیوە و وا چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم حەفتەیە، ئەو ڕێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت.
تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێ قۆڵییش، هەرێمی کوردستان بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیران وەزیری سامانە سروشتیيەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ڕێکاری پێویست بگرنە بەر و پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵیش لە بەرامبەردا پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت، کە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆلێنی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەریەک لە گەنجینەی فیدڕاڵی و هەرێمیشی دەستنیشان کردووە وەک لە دوا یاداشتی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکوومەتی فیدڕاڵ کراوە.
دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی زیاتری گفتوگۆکانی ئەم دواییە و لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانیان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختی کردەوە کە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەستبەجێ مووچەی مانگی تەمووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، بۆ لەمەودواش هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێکارە داراییەکان لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەرێم وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر کراوە، لەمبارەیەوە کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج و ڕێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران هاوئاهەنگی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات.
لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستوورییەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاری و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بدەن.
پاشان ئالان حەمە ساڵح وەزیری پەروەردە ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکان خوێندن کرد و چەند پێشنیارێکیشی خستە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەمبارەیەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان کە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆیی وەزارەتەکە، بە پشتیوانی حکوومەت و ڕێکخراوە نيودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پشتیوانی کەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ و کردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و ڕێکخستنەوەی میلاکات ئەنجامداوە.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969 لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان (کلدان) و موسڵمان کومەڵکوژ کران. داواش لە حکوومەتی فیدراڵ کرا کە قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی ڕژێمی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.

