رۆژنامەی ھەولێر

چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دھۆک جێبەجێ دەکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر خزمەتکردنی ھاووڵاتییان لە ھەموو سێکتەرەکانی ژیان، ڕێگەی کۆمەڵگەی شاریا و چەند ڕێگەیەکی دیکە دوای تەواوبوونیان بەڕووی ھاووڵاتییاندا کرانەوە. پارێزگاری دھۆک، دەڵێت: لەگەڵ کردنەوەی ڕێگەی زاوا-شاریا، کار لەسەر دروستکردنی ٦٤ شەقام و کۆڵانی پارێزگای دھۆک دەکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەکرێن.

بەگوتەی بەرپرسی کۆمپانیای جێبەجێکار، حکوومەتی ھەرێم لە ھەموو سێکتەرەکانی ژیان پڕۆژەی پێشکەش کردووە، ئێستا لە چەندین ناوچەی جیاوازی سنووری دھۆک پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن، پارێزگاریش ڕۆژانە پڕۆژەی نوێ دەکاتەوە، لە داھاتووشدا چەندین پڕۆژەی دیکە جێبەجێ دەکرێن، ھاووڵاتییانیش سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ھەموو پڕۆژانە و دەڵێن، بە کردنەوەی ڕێگەکە ئاسانتر دەگەینە شوێنی مەبەست.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، بەبۆنەی کردنەوەی ڕێگەی زاوا-شاریا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ڕێگەکە داوکاریی خەڵکی ناوچەکە بوو، بۆیە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریدا لەسەر بوودجەی پارێزگای دھۆک جێبەجێ بکرێت کە درێژییەکەی ٦ کیلۆمەترە.
پارێزگاری دھۆک، ڕایگەیاند: پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگەکە نەک تەنیا خزمەتی خەڵکی شاریا و دەوروبەری دەکات، بەڵکو خزمەتی ناحیەی ئەلقوشیش دەکات کە پێشتر ڕووداوی نەخوازراوی ھاتووچۆی زۆری لێ ڕوو دەدا لەبەر ئەوەی ڕێگەیەکی کۆن و پڕ لە چاڵ و کۆسپ بوو، گوتی: لەماوەی کەمتر لە ساڵێک و بەر لە وادەی خۆی، ڕێگەکە سەرلەنوێ دروستکرایەوە پاش ئەوەی ڕێگە کۆنەکە بە تەواوی ھەڵگیرا.
پارێزگاری دھۆک، ئاماژەی بەوەکرد، سەرباری ئەو ڕێگەیە، ٦٤ شەقام و کۆڵانیش لە بێسەرێ و ھیتوتێ و چەند گەڕەکێکی دیکەی دھۆک دروست دەکرێن، ڕاشیگەیاند: بڕیاردراوە قوتابخانەی ١٨ پۆلی لە شاریا، کە پێشتر کار تێیدا ڕاگیرابوو، دەست پێ بکرێتەوە و تەواو بکرێت.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، دووپاتی کردەوە کە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوام دەبن، سەرنجیشیان خستووەتە سەر ڕێگەوبان لە تەواوی ناوچەکان و گوندە دوورە دەستەکان بۆ ئاسانکاری ھاتووچۆی ھاووڵاتییان.