رۆژنامەی ھەولێر

ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان سەرنجی وەبەرهێنەرانی جیهانی ڕاکێشاوە

سەرباری ئەوەی هەرێمی کوردستان لە وەبەرهێنانی ناوخۆییدا گەشەی سەندووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی تەواوی بۆ وەبەرهێنەران کردووە تا بتوانن بە کەمترین تێچوو و کەمترین ڕۆتین وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا بکەن، لە هەوڵیشدایە وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات و بۆ ئەو مەبەستەش تەنیا لە پلان و کارنەمەی حکوومەتدا گرنگی بەو بابەتە نەدراوە، بەڵکو لەسەر ئەرزی واقیع زەمینەی بۆ خۆشکراوە و کاری جیددی لەسەر کراوە.

سەردانی شاندی بازرگانیی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان، تەنیا پەیوەست نییە بە سەرکەوتنی پەیوەندییە دبلۆماسیی و سیاسییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، بەڵکو گرنگی پێگەکەیەتی لەڕووی ئابوورییەوە و سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی وای ڕەخساندووە وڵاتان ئارەزووی ئەوە بکەن هاوبەشی ئابووری لەگەڵدا بکەن.
لە هەفتەی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی نێودەوڵەتی خانوبەرەی لە هەولێر کردەوە و لەوێ ئاماژەی بەوەکرد، هەموو ساڵێک دەبینین ژمارەی بەشداربوونی کۆمپانیا بیانییەکان و وڵاتانی بەشداربوو لە پێشانگەکان بەرەو زیادی دەڕوات. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو بڕوا و متمانەیەی کە خەڵک بە هەرێمی کوردستان هەیەتی. هیوادارم ساڵ بە ساڵ بەرەو پێشکەوتنی زیاتریش هەنگاو بنێت.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە بەشداربوونی شارەزایی وڵاتانی تر لە پێشخستنی هەرێمی کوردستان جێی بایەخە. وڵاتی ئێمە بەرەو قۆناخێکی باشتر و پێشکەوتووتر دەڕوات و سوودی دوولایەنیشی هەیە.
سەرۆکی حکوومەت، هەر لە هەمان ڕۆژی کردنەوەی ئەو پێشانگەیەدا، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لوتس جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد کە لە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێکهاتبوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دووپات کردەوە.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکاش، بە ناوی شاندەکەوە، سوپاسی پێشوازیی گەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی شاندەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەربڕی.
هەر لە هەفتەی ڕابردوودا، شاندێکی باڵای دەوڵەتی ئیمارات گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و عەبدوڵلا مەتەڕ ئەلمەزروعی، باڵیۆزی دەوڵەتی ئیمارات لە عێراق پێشوازییان لێکرا و سەردانى شاندەکەی دەوڵەتی ئیمارات لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان و نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سه‌عيد هاجرى، وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت و نێرده‌ى تايبه‌تى ئيمارات بۆ كاروبارى ئابوورى بۆ هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى ياوه‌رى لە کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ پەرەپێدانی زیاتر و فراوانکردنی هاریکاری هاوبەشی نێوانیان کردەوە، بە تایبەت لەو بوارانەدا کە بۆ هەردوولا گرنگن هاوڕابوون لە بوونى ياسايه‌كى هانده‌ر و ژينگه‌يه‌كى يارمه‌تيده‌ريان بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ گرنگ هه‌ڵسه‌نگاند.
لەلایەکی دیکەشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستووە بە هاوکاریی بەغدا کارێک بکات بەشێکی بەرچاو لە پڕۆژەی رێگای ستراتیجیی گەشەپێدان بە خاکی کوردستاندا تێپەرێت و هەرێمی کوردستان لە خێر و بێری ڕێگاکە سوودمەند بێت. پێشنیازەکەی هەرێم بۆ بەغدا جگە لە پتەوتربوونی ئارامیی ناوچەکە و کورتکردنەوەی دەیان کیلۆمەتر رێگا، خەرجییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیش کەم دەکاتەوە.
بە پێی ئەو پڕۆژەیە ڕێگایەکی زۆر پێشکەوتوو بە درێژیی هەزار و دووسەد کیلۆمەتر دادەمەزرێت کە لە بەسڕاوە دەست پێ دەکات و لە زاخۆ کۆتایی دێت و جگە لە ڕێی ئۆتۆمبێل ڕێگای شەمەندەفەریش لەخۆ دەگرێت و لە ناو خاکی تورکیاش سێسەد و بیست کیلۆمەتر ڕێگای ئۆتۆبان و شەشسەد و پازدە کیلۆمەتر ڕێگای شەمەندەفەر بنیات دەنرێت بۆ ئەوەی ڕێگای گەشەپێدان بە ڕێگای ئەوروپا گرێ بدرێت.
جێی باسە جگە لە عێراق و تورکیا، هەر یەک لە قەتەر و ئیماراتیش لەو پڕۆژەیەدا ڕۆڵی کارایان هەیە و ئامانجە سەرەکییەکە گرێدانی ئاسیا بە ئەوروپایە.
ئەوەی ئێستا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە، سەرکەوتنێتی بەسەر ئەو کۆسپانەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆی دروست دەکرێت و ئابورییەکەی بە ئامانج دەگرێت، کە ماوەی ١١ ساڵە بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتووە، بەڵام ئەمە هەرێمی کوردستانی نەوەستاندووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە بتوانێت سەرچاوەکانی داهاتی فرە چەشن بکات و کوردستان بکاتە ناوەندێکی فراوان بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی.