ئەمڕۆ سێشەممە 2025.9.16، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەندی هەولێر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی و ئارام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری شارەوانی یەک،
لە دیوانی پارێزگا، بەمەبەستی ڕێکخستنەوە و جوانترکردنی سیمایی شار و نەهێڵانی جەنجاڵی هاتووچۆی هاوڵاتییان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەنجوومەنی بازاڕی پاسکیل و ماتۆڕسکیلان، سەبارەت بە دروستکردنی بازاڕێکی هاوچەرخ بۆیان ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دروستکردنی بازاڕێکی هاوچەرخ بۆ پایسکیل و ماتۆڕسکیل بە گوژمەی ( 2 ملیار و 887 ملیۆن و 574 هەزار دینار ) لەسەر ڕووبەری 10 دۆنم زەوی لە بەشى باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى هەولێر لە سەرشەقامى کۆنى ( کەرکوک – هەولێر ) کە لە ئێستادا بازاڕەکە دەکەوێتە ناو جەرگەى شارى هەولێر و سیمایەکی ناشیرین و قەرباڵغی و جەنجاڵییەکی زۆری بۆ هاوڵاتییان دروستکردەوە، ئەوە سەرباری بچووکی دوکانەکانیان و تەسکی شەقامەکەیان، کە وای کردووە زۆربەى دوکاندارەکان پایسکل و ماتۆڕەکان لەسەر شەقام نمایش بکەن بۆ فرۆشتن، جگەلەوەش چەندین کەسی تر کە لەوبازاڕە کە دوکانیان نیە هەر لە سەرپێ و لەسەر شەقام مامەڵەى کڕین و فرۆشتنی پاسکیل و ماتۆڕ دەکەن، ئەوش گرفتی زۆری بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دروستکردووە.
لەو بارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕایی پاڵپشتیکردن و لە بەرچاوگرتنی کار و کەسابەتی کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوکاری کردنیان، تیشکی خستەسەر ئامانجی دروستکردنى ئەو بازاڕى هاوچەرخە، کە مەبەست لێی جوانکردنى سیمای شار و نەهێشتنى ئاستەنگى هاتوچۆ بۆ ناو سەنتەری شار و ڕێکخستنى جوولەى بازرگانى و
دابینکردنى ژینگەیەکى ڕێکخراو و ئاسودەیە بۆ کاسبکارانی بازاڕەکە و کڕیارانی و بنبڕکردنى ناڕێکی و هەڕەمەکى و ڕێکخستنى بازاڕەکەیە بە شێوەیەکى ئەندازەیی و ئاسانکردنى گەیشتن و کارکردن و جوڵانەوەیانە لە ڕووبەرێکى فراواندا و دیاریکردنى شوێنى تەرخانکراو بۆ کڕین و فرۆشتن کە چاودێریکردن و ئیدارەیەکی باشتری هەبێت.
دوای نمایشکردنی دیزاینی بازاڕە هاوچەرخەکە لەلایەن تیمی پلان و بەدواداچوونی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، ئەنجوومەنی بازاڕەکە، وێڕای سوپاس و پێزانینی پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵی خۆیان بەدروستکردنی بازاڕەکە نیشاندا و ئومێدیان خواست لە ماوەیەکی کەمدا بتوانرێت ئەو بازاڕە بونیات بندرێت، تاکو بە ئاسودەیی کارو کەسابەتی خۆیان تێدابکەن.

