ڕائیب جادر – هەولێر
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری، ئاشکرای کرد، زیانەکانی ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بە ١١.١٦ ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” دەڵێت: ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە کراوە.
لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣ـەوە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا دێت.
کارنامەی کابینەکەی سوودانی کە لە ٢٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی عێراق پەسەند کرا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکانی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، جەخت لەسەر دانوستاندنی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکاتەوە بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، ئەمەش بووە بنەمای سەرەکی بۆ ڕێککەوتنی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٣ لە نێوان ھەولێر و بەغدا، کە لەو ڕۆژەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا. ئەو کات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست، ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ نەکردووە.
بەگوێرەی کارنامەی کابینەکەی سوودانی دەبوایە لە ماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەکاربوونی کابینەکە، کارکردن لەسەر یاسای نەوت و گاز تەواو بووایە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان جەختی لەسەر دەکاتەوە لەو یاسایەدا، داڕشتنەوەیەتی لەسەر بنەمای دەستوور و مافە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان کە ڕێگە دەدات بە مامەڵەکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی نەوت و گاز ھەروەکو ئەوەی لە یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، ئەمە لە کاتێکدایە پارەیەکی یەکجار کەم بۆ شایستەی ئەو کۆمپانیانەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ھەناردە دەکەن داناوە، بە بەروارد بە عێراق، چونکە لە ھەندێک بیری نەوتی عێراق، تێچووی دەرھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوت سی و ھەشت دۆلارە.
لە ٩ـی ئابی ٢٠٠٧، یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ پەنجاو حەوت گرێبەستی بەرھەمھێنانی ھاوبەش لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا ئیمزا کران، حکوومەتی ھەرێم لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێکتەرە پشتی بە ماددەکانی ١١١، ١١٢، ١١٥ و ١٢١ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێکتەری نەوت دەدات بە ھەرێمی کوردستان، لە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی نەوت و گازدا، حکوومەتی ھەرێم ھەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرھەمھێنان کردەوە.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکراون، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەند نەکران.
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا ھاتووە، بڕیاربوو ھەرێم نزیکەی ٢٣٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاو ھەناردە بکات، جگە لەوەی ٥٠ ھەزار بەرمیل بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی بەکاردەھێنرێتەوە، ھەروەھا تێچووی دەرھێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بە نزیکەی ١٦ دۆلار خەملێندراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، تێچووی گەیاندنی نەوت بۆ بەندەری جەیھان لە تورکیا یەک دۆلار و نیوە بۆ ھەر بەرمیلێک.
ڕوانگە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، دوای لێبڕینی ئەم تێچوونانە، پێشبینی دەکرێت قازانجی ھەناردەکردن ٢٣٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ١١.١٦ ملیۆن دۆلار بێت، ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە نرخی ٦٦ دۆلار بفرۆشێت، عێراق مانگانە ٣٣٤ ملیۆن دۆلار و ساڵانە زیاتر لە ٤ ملیار دۆلار زیانی پێدەگات بەھۆی وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕوانگەی ئیکۆی عێراقدا ھاتووە، پەرلەمانی عێراق بەرپرسیارە لە وەستانی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بەھۆی دەرنەکردنی یاسای نەوت و گازە.
سیھاد مەحموود، شارەزای بواری وزە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان ڕاگیراوە، ڕاگیرانی نەوتی ھەرێم زیانێکی گەورەی دارایی بە عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، جگە لە زیانە ماددییەکان، ھەناردەنەکردنەوەی نەوت زیانی بە ھاووڵاتییان و دانیشتووانی ھەرێمی کوردستانیش گەیاندووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە نزیکن لە کێڵگە نەوتییەکان، چونکە کارەکانیان لەدەستداوە، بۆیە ئەگەر حکوومەتی عێراق بیەوێت چی دیکە زەرەر نەکات، دەبێت بە پەلە کێشەکان بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە چۆنیەتی قەرەبووکردنەوە و پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنەری نەوت لە ھەرێمی کوردستان چارە بکات، چونکە حکوومەتی ھەرێم ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێکردووە، دەبێت بەغداش پابەند بێت و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکات.
ھەوار نەوزاد، شارەزا لە بواری کارگێڕی و ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە و تەرخانکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت، لە ھەمان کاتدا سوودی سێ لایەنەی بۆ تورکیا، عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت.
حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتن نزیکن بۆ ئەوەی دیدگەیەکی ئابووریی ھاوبەش و یەکگرتوویان ھەبێت بۆ وڵات. ھەوار نەوزاد، شارەزا لە بواری کارگێڕی و ئابووری، زیاتر دەڵێ: بەپشوو درێژی و ئارامگرتن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی بەشێوازێکی دەستووری ئەوان بڕوا و متمانە بەدەست بھێنن، کورد بۆ داواکارییەکانی و جێبەجێکردنیان ڕێگەی سیاسیی و یاسایی و دەستووری ھەیە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕایگەیاند، ھەرێمی کوردستان بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ھەم بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت ھەمیش بۆ بەکارھێنانی نەوت لە ناوخۆدا، وەک لە یاسای بودجەی گشتی عێراق ئاماژەی پێکراوە، حکوومەتی ھەرێم ڕێگر نییە لەو بابەتە و پابەندی خۆی ڕاگەیاندووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستا نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن، لە ھەمان کاتدا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق “سۆمۆ” ئاشکرای کرد: لە لایەن ئێمەوە لە بارەی ڕێککەوتن و گرێبەستەکان ھەموو شتێک تەواو کراوە و ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە کراوە.

