رۆژنامەی ھەولێر

“ئەرکی خێزان لە ئامادەکردنی قوتابیان بۆ قوتابخانە بەهۆی خۆشەویستی و ئاشناکردنیان بە قوتابخانە”

نیگار نەجات مەلا

 

مامۆستا سیروان شێخ حاجی مزووری، ژینگەپارێز و پەروەردەزان، بۆ هێلین میدیا دەڵێت: “لەگەڵ کردنەوەی دەرگاکانی قوتابخانەکان، ئەرک و بەرپرسیارێتیی دایک و باوک زیاتر دەبێت. پێش دەستپێکردنی خوێندن، منداڵەکانیان ڕابهێنین کاتی خۆی بخەون و کار و بەرنامەی ڕۆژانەیان ڕێکبخرێت. گرنگە لە دەستپێکی پڕۆسەی خوێندندا لە ئاستی بنەڕەتیدا، لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا، مامۆستا و کەسوکاری قوتابی خۆشەویستی خوێندن و قوتابخانە لەلای قوتابی دروست بکەن و وەک ماڵی دووەمی خۆیان سەیری بکەن. بۆیە پێویستە لە یەکەم ڕۆژی هاتنی قوتابی بۆ قوتابخانە بە جوانترین شێوە پێشوازی لێ بکرێت و ئامانج لە هاتنی قوتابی بۆ قوتابخانە بۆی ڕوون بکرێتەوە، بۆ ئەوەی قوتابی زووتر ئامانجێک بۆ خۆی دیاری بکات. هەروەها دەبێت وا بکەین قوتابی بە حەزکردنەوە لە قوتابخانە بمێنێتەوە، چونکە زۆربەی قوتابیان لە دەستپێکی یەکەم ڕۆژی هاتنیان بۆ قوتابخانە هەست بە خۆشی دەکەن، قوتابیش هەیە هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ دەکات و نایەوێت دایک یان باوکی لێی دوور بکەونەوە، بەڵکوو دەیەوێت هەر لەگەڵی دابێت لەناو قوتابخانە و تەنانەت لەناو پۆلیشدا.
جا بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەی ڕووبەڕووی قوتابی دەبێتەوە لە سەرەتای هاتنی بۆ قوتابخانە، دەبێت دایک و باوکی قوتابی هاوکارییان بن، ئەویش بە دەستپێکی هاتنی بۆ قوتابخانە بە چەند وشەیەکی جوان و دڵخۆشی دەربڕین بۆ منداڵەکانیان و دروستکردنی ورە لە لایان و ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ، وەک ئەوەی چۆن لە کاتی باخچەی ساوایان بۆ منداڵەکانیان دەکرد، بەڵام قوتابخانە جیاوازترە لە باخچەی ساوایان، بەوەی قوتابخانە گەورەترە و ژمارەی قوتابیان زیاترە و قۆناغی جیاجیاکانی پۆلەکان دەبینێت و قوتابی گەورەتر لە خۆی بەرچاو دەکەوێت. لێرەشدا کاریگەریی قوتابیانی لەسەر هەڵسوکەوتی ڕەنگ دەداتەوە بە پێی تێپەڕبوونی کات.
لێرەدا پێویستە کەسوکاری قوتابی و مامۆستایان ڕۆڵێکی کارامە بگێڕن بۆ ئەوەی خۆشەویستیی قوتابی بۆ قوتابخانە و خۆشەویستیی مامۆستا بۆ قوتابی لە دەستپێکی ساڵ ڕوون بکەنەوە، ئەویش بە پێی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
پێشوازیکردن لە قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بە شێوەی ئاهەنگ و چەپڵەڕێزان و دابەشکردنی شیرینەمەنی بەسەریاندا.
ناساندنی قوتابخانە بە قوتابیان لە ڕووی بیناوە، وەک ژوورەکانی قوتابخانە و پۆلەکان و ئیدارە و باخچە و گۆڕەپان و ژووری مامۆستایان و فرۆشگا و (w.c).
بردنی قوتابی بۆ پۆلەکەی و ئاشناکردنی لە ڕووی دانیشتن و یاساکانی ناو پۆل، وەک گوێگرتن و پاک ڕاگرتنی ناو پۆل و هەستان و دانیشتن لە کاتی هاتنی مامۆستا و بەڕێوەبەر بۆ ناو پۆل.
فێرکردنی قوتابی لە ڕووی پاکوخاوێنی و پاراستنی ژینگە و فڕێنەدانی پاشماوەکان لەناو پۆل و دەرەوەی پۆل و گۆڕەپان، بەڵکوو پێویستە قوتابی ڕابهێنرێت لەوەی پاشماوەکەی فڕێ بداتە ناو زبڵدان یان شوێنی تایبەت بە زبڵ و خاشاک کە بۆی دیاری کراوە.
خاڵی پێنجەم زۆر گرنگە؛ خێزان یان با بڵێین کەسوکاری قوتابی منداڵەکانیان فێری ئەوە بکرێن کە زوون خەوتن و زوو لە خەو هەستان، جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژانە و پاراستنی پەرتووکەکان و کەلوپەلی قوتابخانە.
بۆیە ئەگەر بمانەوێت قوتابی خۆشەویستی بەرامبەر بە قوتابخانە و مامۆستایان هەبێت، دەبێت لە دەستپێکی قۆناغی خوێندن هەوڵ و ماندووبوونی خۆمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی نەوەیەکی سەرکەوتوو و ڕۆشنبیر و تەندروست و ناخپاک بەرهەم بهێنین کە ئینتیما و خۆشەویستی بۆ دایک و باوک و مامۆستاکانی و دواجار کۆمەڵگە بە گشتی هەبێت و ڕێز لە نەتەوەی خۆی بگرێت و ئاڵای کوردستانی لەلا خۆشەویست و پیرۆز بێت.”