رۆژنامەی ھەولێر

گرنگیی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ فەڕەنسا و ڕێزگرتن لە ناوی پێشمەرگە

شیلان فه‌ره‌ج

 

ناونانی ڕێڕەوێک لە پارکی (ئۆندرێ سیترۆئین) لە ناوەڕاستی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بە ناوی پێشمەرگەوە، ڕووداوێکی گرنگ بوو، بە جۆرێک میدیای کوردی و جیهانییەکان گرنگییەکی زۆریان پێ دا. ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانیش لە مەراسیمەکەدا گرنگیی تایبەتی خۆی هەبوو.

فەڕەنسا، کە هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی گەلی کورد بووە، هەر لە سەردەمی (دانیال میتیران)ەوە تا ئێستا گەلی فەڕەنسا دۆستێکی دڵسۆزی کورد بووە. ناونانی ئەو ڕێڕەوە و ڕێزگرتن لە ناوی پێشمەرگە، ئەوەیان دووپات کردەوە کە وەفایان بۆ هێزی پێشمەرگە لەبیر نەکردووە، چونکە ئەوان و هەموو جیهانیش باش دەزانن کە پێشمەرگە، قارەمانانە قوربانی دا لەپێناو ئاشتی و ئازادی لە جیهان دژی تیرۆریستانی داعش. بۆیە ئەم سەردانە مێژوویییە ئەو دەستکەوتەیە کە هەرگیز لەیاد ناکرێت و هێندەی تر پەیوەندییە دۆستانە و سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستانی بردوەتە پێشەوە. سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و ڕێزگرتن لە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە، هەر زوو جیا لە ناوەندە جیهانییەکان، لە ناوخۆ و لای چین و توێژە جیاوازەکان و شەقامی کوردی لێکەوتەوە و بە دەستکەوتێکی مێژوویی و گرنگی دەزانن.
دکتۆرە نەزاکەت حەسەن، مامۆستای زانکۆ، لەو بارەیەوە دەڵێت: “دوو بابەتی گرنگ بەدی دەکرێت لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانیدا. یەکێک لەوانە ئەوەیە، سەردانیکردنی سەرۆک بارزانی وەک پێشمەرگەیەک کە ئێستا خودی جەنابی سەرۆک شانازی دەکات کە پێشمەرگەیە، و وەک پێشمەرگەیەک سەردانی کردووە، گەورەترین دەستکەوت و ناسنامەیە بۆ ناوی پێشمەرگە. سەردانەکەی بۆ پاریس کاریگەرییەکی ئەرێنی و فرەڕەهەندی بۆ دۆزی کورد و بۆ پرسی کورد و بارودۆخی کورد لە ئێستا و لە هەمان کاتیشدا بارودۆخی ناوچەکە دەبێت، چونکە سەرۆک بارزانی تەنها لە ناوچەکە وەک سەرۆکێکی کورد و مەرجەعێک نا، بەڵکوو وەک سەرۆک و سەرکردەیەکی دیار و کاریگەر بۆ پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەر پرسی پێ دەکرێت و ڕاوبۆچوونی وەردەگیرێت، و ڕاوێژی پێ دەکرێت،

سەرکردەیەکی گرنگە لە ڕۆڵ و پێگەی نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە تەواوی جیهان. بۆیە سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا گرنگە چونکە هەمیشە لە ڕابردووەوە تا ئێستا فەڕەنسا دۆستێکی باشی کورد بووە، وە هەمیشە پشتیوانیی لە کورد کردووە. بۆیە لە ئێستادا ئەو سەردانە کاریگەری و ڕۆڵی ئەرێنیی خۆی دەبێت، بە تایبەت لەو بارودۆخەی ئێستا کە قەیرانێکی دروستکراو بۆ هەرێمی کوردستان لە ئارادایە، کە بۆی دروست کراوە، ئەگەرنا لە بنەڕەتدا هیچ دەرهێناوەی جەنگ یا ململانێیەک بێت، بەڵکوو قەیرانێکی دروستکراوی سیاسییە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا. بۆیە لەم کاتەدا کە سەرۆک بارزانی سەردانی فەڕەنسای کردووە، ڕۆڵ و کاریگەریی سیاسی دەبێت، و لەناو ناوەندە جیهانییەکان شیکاریی وردی بۆ دەکرێت. لە هەمان کاتدا گەورەیی ووپەڕی سەربەرزییە ناوی پێشمەرگە دەبێتە یەکێک لە ناوچەیەکی فەڕەنسا و ئەو ناوە دەچێتە سیستمی ئەو وڵاتە، و ناوی پێشمەرگە کە خۆڕسکییە و لە ئەنجامی زوڵم و زۆرداری و نەهامەتی دەر‌هەق بە گەلی کورد کراوە، ئەم ناوە دروست ببوو، بە زیندوویی دەمێنێتەوە و جارێکی تر مێژووی ناوی پێشمەرگە و قارەمانێتی بە درەوشاوەیی لە ناوەندی سەرەکیی وڵاتێکی گەورەی وەک فەڕەنسا دەمێنێتەوە.”
تەرزە محەمەد، چالاکوانە و ئەو دەڵێت: “ڕۆڵی سەرۆک بارزانی بۆ ناساندنی پێشمەرگە، هەم لە بواری وشە و هەم لە ڕووی کەسایەتییەوە، هەڵگری فەلسەفەیەکی تایبەت بە خۆیەتی کە لە هیچ نەتەوەیەکی دیکەی دنیا ناتوانین نموونەی بۆ بهێنین. لە ڕاستیدا بەشێکی سەرەکی لە فەلسەفەی مێژوویی، فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانە و کەسایەتییەکە وەک تاک هەڵگری چەندین ڕەسالەتە. هەر بۆیە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ فەڕەنسا ئەوە دەگەیەنێت کرانەوەی جیهانە بە ڕووی پێشمەرگەدا، چونکە ناونانی شوێنێک بە ناوی پێشمەرگەوە ئەوە دەگەیەنێت، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەندە گەورە و پیرۆزە، و ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە پێشمەرگە هەمیشە قەڵغانی پاراستنی خاك و نیشتیمان بووە، و بوێری و لێهاتووییان دەردەخات، بە تایبەت کە سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتیی هێزی پێشمەرگە دەکات و خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت. بۆیە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای بە جیهان و نەیارانیش دا کە ئەوە گەلی کوردە توانیویەتی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا، پێشمەرگە ببێتە بەرگریکارێکی سەرسەخت لە هێرشکردنە سەر خاکی کوردستان، وە دەکرێت بگوترێت هەتا هێزی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی مابێت، هەرگیز هیچ مەترسییەک لەسەر خاکی کوردستان نابێت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش پتەو و پتەوتر دەبن.”

“ناوەندی دەوروبەری سلێمانی”