ئارام كۆشكی – سلێمانی
زۆر کەمن ئەو ڕووداوانەی لەنێو مێژوودا دەنووسرێنەوە و بۆ هەمیشەیی دەدرەوشێنەوە، چوونکە ئەگەر ڕووداوێک سەنگێکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی گرنگی نەبێت، یان جۆرێک لە وەرچەرخان دروست نەکات لەمێژوودا، یان لە مێژووی ئەو ناوچەیەدا، ئەوا ئەگەری درەوشانەوەی نییە. ڕووداوەکان و وەرچەرخانەکان بەپێی سەنگ و کاریگەرییان تیشک پەخش دەکەن و دەدرەوشێتەوە. خۆ ئەگەر ئەو تیشک و درەوشانەوەیە کەمتوانا بێت ئەوا توانای بڕینی زەمەنێکی درێژی نابێت و هەر لە یەک دوو دەیەدا درەوشانەوەکان کۆتاییان دێت، بەڵام ڕووداوە گرنگ و کاریگەرەکان بەدرێژایی سەدەکان دەدرەوشێنەوە و تیشک بۆ ئایندەی دوور دەنێرن.
یەکێک لە ڕووداوە گرنگ و کاریگەرەکانی سەدەی ڕابردووی شاری سلێمانی و مێژووی کورد ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەکەی شەشی ئەیلولی 1930یە، کە یەکێکە لەو ڕووداوە گرنگ و وەرچەرخانە بایەخدارانە، کە وشیارییەکی مەدەنی لەنێو کۆمەڵگەی کوردییدا لەدایک دەبێت. وشیارییەک کە خەڵک دژی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری ئینگلیز دێنە دەنگ و دەست بە ناڕه زایی دەربڕین دەکەن. بەڵام ئەم ناڕەزایی دەربڕینە بەشێوەیەکی مەدەنیانە و لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە لە بەردەرکی سەرای سلێمانی ئەنجام دەدرێت. ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە ئەگەرچی خەڵکێکی زۆری مەدەنی تێیدا بەشداربوون، بەڵام ڕابەرانی خۆپیشاندانەکە شاعیران و خوێندەوارانی ئەو سەردەمە بوون، کە دیارترینیان بێکەس و ئەخۆلی شاعیر و عەولە سیس و چەندین کەسایەتی دیکەی خوێندەواری ئەو سەردەمەبوون.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی داواکاریی هاووڵاتییانی سلێمانی ئەوە بووە، کە نوێنەریان هەبێت لە بەڕێوەبردنی هەموو کاروبارەکانی شارەکەدا، کە ئەوکات دەسەڵاتی ئینگلیز لە هەوڵی قۆرغکردنی هەموو شتێکدا بوو و هەموو جوومگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی سلێمانی دەیویست بەتەواوی کۆنتڕۆڵ بکات. دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە و وتنەوەی دروشمەکان و جۆشوخرۆشی بەشداربووان بە پێشڕەوایەتی بێکەس (وەک لە هەندێک سەرچاوەشدا ئاماژەی بۆ کراوە) شیعری بۆ جۆشدانی خۆپیشاندەران خوێندووەتەوە. ئیدی لێرەوە گرژی دروست دەبێت و هێزەکانی ئینگلیز دەست بە دەستڕێژی گوللە دەکەن و ژمارەیەکی زۆر لە بەشدارانی خۆپیشاندانەکە دەبنە قوربانی یەکێک لە سیمبوولە دیارەکانی ئەم راپەڕینە، عەبدولمحێدین مەلا ئیبراهیم-ە، کە ناسراوە بە (عەولەسیس)، کە یەکێک بوو لە خۆپیشاندەرە ئازا و چالاکەکانی خۆپیشاندانەکە و بە گوللـەی سەربازانی ئینگلیز لە تەمەنی 29 ساڵیدا شەهید دەبێت و دواتر ژمارەیەکی زۆری دیکەش شەهید دەبن.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی دیکەی ئەو ڕووداوە مامۆستا عەلادین سەجادی لە کتێبی مێژووی شۆڕشەکانی کورددا ئاماژەی بە شەهیدبوونی 25 کەس و برینداری 35 کەس و گرتن و زیندانیکردنی زیاتر 300 کەس دەکات.
ئەوەی لەم ڕووداوەدا لای من جێگەی سەرنجە و هەمیشە لە هزرماندا دەدرەوشێتەوە پەیوەندی بە جووڵەی ئەو هێزە مەدەنییەوە هەیە، کە بۆ یەکەمجار بیریان لەوە کردووەتەوە لەڕێی خۆپیشاندانەوە مافەکانیان بەدەست بهێنن 95 ساڵ لەمەوبەر و دوای شکستی حکوومەتی شێخ مەحمود خەڵکی سلێمانی بیر لەوە دەکەن ڕێگەیەکی نوێ بگرنەبەر بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان. بەڵام ئەگەرچی ئەو خۆپیشاندانە سەرکوت کرا و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێ کەوتەوە، بەڵام بوو بە بناغەیەک بۆ جۆرێک لە چالاکی مەدەنی و هەوڵدان بۆ گرتنەبەری ڕێگەیەکی تاقینەکراوەی چالاکی بۆ داواکردنی مافەکان دادەنرێت.
دوو خاڵی گرنگ وا دەکەن کە ئەم ڕووداوە بۆ هەمیشەیی لەنێو مێژووی ئەم شارە و مێژووی کورددا بە گشتی بدرەوشێتەوە، کە ئەوانیش بریتین لەمانە؛ یەکەم: ڕووداوی شەشی ئەیلوولی 1930 یەکەم خۆپیشاندان و جووڵانەوەی مەدەنییە لە مێژووی سلێمانی و هەرێمی کوردستاندا. دووەم: بۆ یەکەمجار نووسەران و شاعیران و خوێندەواران دەبنە پێشڕەوی ئەم خۆپیشادانە و دوای ئەوەشی دەبێتە کارەسات و سەرکوت دەکرێت، بەڵام هەر شاعیران و نووسەران دەستبەرداری پشتگیریکردنەکە نابن و بەردەوامن لە پشتگیریی و ئەمەش بووەتە هەوێنی چەندین دەقی شیعریی شاعیرانی ئەو سەردەمەی وەکوو “گۆران، حەمدی، بێکەس” و چەندینی دیکە.
لێرەوەیە دەتوانین بڵێین شەشی ئەیلولی 1930 یەکەم ڕێگەی نوێی خەباتی مەدەی گەلی کوردە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، بەڵام وەکوو زۆرێک لە ڕووداوەکانی مێژوو دیسان بە گوللە وەڵام درایەوە و جارێکی تر ڕۆڵەکان بوونەتەوە بە قوربانی مافەڕەواکانیان.

