رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیار زێباری : عێراق دەرفەتێکی زێڕینی بۆ پێشکەوتن و گەشە هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنامەی The National تیشکی خستووەتە سەر هەموو ئەو دەرفەتە زێڕینانەی لەبەردەم عێراقی فیدراڵین بە مەرجێک بتوانێت بە باشی بیانقۆزێتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت، ئەو پێی وایە ئەگەر حکوومەتی عێراق دەرفەتەکان بقۆزێتەوە دەتوانێت وێڕای وەستان لەسەر پێی خۆی بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن هەنگاو بنێت و سەقامگیری گشتی بهێنێتە کایەوە.

رۆژنامەکە پێی وایە ئاوەدانکردنەوە لە عێراق لەچاو ساڵانی پێشتر کەمێک خێراتر بووە، کۆمپانیای BP دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کردووەتەوە، حکوومەت خەریکی دانوستانە لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی و لە هەمان کاتدا لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆن بە جۆرێک ڕێککەوتن گەیشتووە کە هەر دووکیان دوو کۆمپانیای زەبەلاحی ئەمەریکین.
بەپێی ئامارێکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق قەبارەی وەبەرهێنان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە گەیشتووەتە سەد ملیار دۆلار کە شەست و چوار ملیار دۆلار لەو سەرمایەیە پێوەندی بە وەبەرهێنانی بیانی و سی و هەشت ملیار و شەشسەد ملیۆن دۆلار پێوەندی بە ناوخۆیی هەیە و هۆکاری سەرەکی ئەو قەبارەیەی وەبەرهێنانیش بۆ هەبوونی ئاسایشێکی ڕێژەیی و باشتر لە ساڵانی ڕابردوو دەگەڕێتەوە.
هۆکارێکی تر کە لە ڕاپۆرتەکە خراوەتە ڕوو پێوەندی بە سیاسەتەکانی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی هەبووە کە هەر لەدەستبەکاربوونیەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ بەڵێنی داوە ژینگەی وەبەرهێنان و کار و کاسبی لە وڵات لەبارتر بکات.
یەکێک لەو خاڵە گرینگانەی کە زێباری لە چاوپێکەوتنەکەدا تیشکی خستووەتە سەر و بە خاڵێکی لاوازی عێراقی ناساندووە بریتییە لەوەی هێشتا عێراق نەیتوانیوە ئاسایش و سەقامگیری پتەو بکات و بۆ ئەمەش ئاماژەی بە هێرشی درۆنیی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی کوردستان کردووە و سەرەڕای ئەوەی کە زانراوە کێ لە پشتی ڕووداوەکانە حکوومەتی عێراق لە ئاشکراکردنیان خۆی دزیوەتەوە و ئەمەش خاڵێکە کە کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر کەرتی وەبەرهێنان هەیە.
هۆشیار زێباری، پێی وایە عێراق دەتوانێت لە چەندین سێکتەر بەرەو گەشەسەندن هەنگاو بنێت و لە هەمان کاتدا ڕەخنەی توند لەو ڕووداوانە دەگرێت کە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەهۆی هێرشی درۆن چەندین دامەزراوە و شوێنی وەبەرهێنان کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕۆڵیان تێیدا هەبووە کرانە ئامانج و بەبۆچوونی زێباری ئەو جۆرە کردەوانە متمانە لای وەبەرهێنەرانی بیانی کەم دەکاتەوە.
ئەو ڕوونی کردەوە حکوومەتی عێراق لە دۆسیەکەی کۆڵییەوە بەڵام کاتێک لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان گەیشتە کۆتایی ناوی تاوانباران و ئەوانەی ئاشکرا نەکرد لە پشتەوەی هێرشەکانن و ئەوەش شتێکە بەڕاستی وەبەرهێنەران دڵسارد دەکاتەوە.
زێباری پێی وایە عێراق بەر لە هەر شتێک پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و لەبار و سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان هەیە و کاتی ئەوە هاتووە حکوومەت لەیاسادەرچووەکان و میلیشیاکان جڵەو بکات.
جێی باسە مانگی ڕابردوو حکوومەتی عێراق دوای گوشارەکانی ئەمەریکا، پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان کشاندەوە کە بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە شەرعیەت و مافێکی زۆریان پێ دەدرا و دەسەڵاتیان فراوانتر دەبوو، ئەمەریکا گوتبووی یاساکە ئەگەر تێپەڕێنرابا دەبووە هۆی لاوازکردنی دەسەڵاتی عێراق و زیاترکردنی هەژموونی ئێران.
وەک زێباری خستوویەتەروو هەڵوێستی ئەم جارەی ئەمەریکا زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو بە پێچەوانەی جاران کە لە ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکانەوە پەیامی خۆیان لە دژایەتیکردنی حەشدی شەعبی بە عێراق دەگەیاند، بەڵام ئەم جارە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوویەوە.
ئەو پێداگرە لەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و هێزە یاساییەکاندا بێت و هەر ئەوەش دەتوانێت سەقامگیری و ئاسایش بهێنێتە کایەوە و دەرفەتی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشە لە تەواوی عێراق زیاتر بکات.