رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی سلێمانی ژن و مێردێکی بیانی بە تۆمەتی دزینی دوو هەزار دۆلار دەستگیر کرد

ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوو هاوسەر کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن بە تۆمەتی دزینی بڕی دوو هەزار دۆلار لە دوکاندارێک لە شاری سلێمانی دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سەردانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگاری کرد و سکاڵای لەسەر دوو کەس تۆمارکرد کە بەناوی کڕینی شتوومەک و وەرگرتنەوەی زیادەی پارە بڕی دوو هەزار دۆلاریان لێ دزیبوو، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبارەکان دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەڵاتبوون بۆ شارێکی دیکەی هەرێم، بەڵام دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕزگارییەوە دەستگیربکرێن.

پۆلیس ئاشکرای کرد کە تۆمەتبارەکان کە ژن و مێردن و خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و دانیان بە تاوانەکەدا ناوە.