رۆژنامەی ھەولێر

لە سۆران پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان جێبەجێ دەکرێت

لە چوارچێوەی ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کارکردن لە پڕۆژەی کۆڕنیشی کاولۆکان دەستی پێ کردووە. پڕۆژەکە دروستکردنی پێنج پۆند بە درێژایی چوار کیلۆمەتر لەخۆدەگرێت و ئامانج لێی بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و رەخساندنی هەلی کارە لە دەڤەرەکە.

ئەمڕۆ شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی گەشتیاریی کۆڕنیشی کاولۆکان، کە بەشێکە لە ماستەرپلانی گەشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا دەست بە دروستکردنی پێنج پۆندی هاوشێوە بە درێژایی چوار کیلۆمەتری رووبارەکە کراوە. هاوکات پڕۆژەکە سەوزکردن، دروستکردنی کافتریا و خواردنگەش لەخۆدەگرێت.

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە، گلدانەوەی ئاوە، کە بەشێکە لە پلانێکی بەردەوامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵی، زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی و بەهێزکردنی سامانی ماسی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، پڕۆژەکە دەیان دەرفەتی کاری بۆ دانیشتووانی دەڤەرەکە رەخساندووە.

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و گرنگیدان بە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامە، ئەمەش سیمایەکی سەرنجڕاکێشتر بە ناوچەکان دەبەخشێت و دەبێتە هۆی گەشەی گەشتیاری و ئابووری.”