رۆژنامەی ھەولێر

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لە دهۆک سی و یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند ئەنوەر تۆڤی بەرز ڕادەگرێت

دوێنێ لە شاری دهۆک، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و د.ڤیان سولەیمان، سەباح بەیتوڵڵا، یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەران و کەسایەتی و ڕۆژنامەنووس و بەرپرسانی حزبی و حکوومی شاری دهۆک و خانەوادە هێژاکەی، لە ڕێوڕەسمێکدا (٣١)ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری کوردستان (ئەنوەر تۆڤی) بەرز ڕاگیرا.

ڕێوڕەسمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد و پاشان دۆکیۆمێنتارییەک بە ناونیشانی (هونەرمەند ئەنوەر تۆڤی، گەوهەرا هونەرێ کوردستانێ) سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەند ئەنوەر تۆڤی نمایش کرا، دۆکیۆمێنتارییەکە لەلایەن دهۆک TV ئامادە کرابوو.
لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەدا، (٣١) مۆم داگیرسێندرا و، گوڵ لە پێش وێنەی هونەرمەند ئەنوەر تۆڤی دانرا، کە گوزارشت بوون لە وەفاداریی خانەوادە و دۆست و هاوڕێیانی.
لە گوتەیەکدا، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک لەبارەی یادەکە گوتی: بڕوای قوڵمان بەوە هەیە کە سیاسەت بە تەنیا ناتوانێ ئیدارەی کۆمەڵگاکان بکات، پێویستی بە کلتوور و هونەر و ئەدەبیات و ڕۆژنامەنووسیی بەرپرس و دەنگ و ڕەنگ و کەڤاڵ و ڕستە و دەق و پەرەگراف و مانیفێستی گەورە هەیە کە هەمووی لە تابلۆیەکی گەورە کۆبکاتەوە، کە پێی دەڵێن تابلۆی ژیان و مرۆڤ و نیشتمان.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن باسی خەبات و مێژووی پڕ لە شانازیی هونەرمەندی ڕەوانشاد ئەنوەر تۆڤی کرد و گوتی: پیاوێک لە بامەڕنێ و ئامێدی لە دایک دەبێ، لە هەولێر و سلێمانی کاردەکات، لە هەڵەبجە دەبێتە مامۆستا، لە بەغدا کاری یەکێتیی مامۆستایان دەکات، بەرهەمەکانی، شانۆکانی، شێوەکارەکانی لە سلێمانی ڕەگ دادەکوتێ، کە هەم ڕەگ داکوتینی و هەم ڕەنگ داکوتینی بۆ خۆی ئێستا بۆتە بەشێک لە شانازیی سلێمانی، دوای (٣١) ساڵ ئێمە لە دهۆکی داسنیا یادی دەکەینەوە، کەواتە ئێمە پێویستمان بەو کەسایەتیانەیە کە سنوور بڕن، جوگرافیاشکێنن، پێویستمان بەوەیە دیدگا و بینینی خۆمان، لە دیدگای شارەوە بگۆڕین بۆ دیدگای نیشتمان و کوردستانی گەورە، کە ئەمەش بە پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە و دەکرێت.
دواتر، تابلۆیەکی میوزیک لەلایەن بەنگین محەممەد ساڵح، پێشکەشی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
پاشان شرۆڤەی لایەنی هونەری و کۆمەڵایەتیی هونەرمەند (ئەنوەر تۆڤی) لەلایەن فەرهاد عەونی نەقیبی پێشووی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە وردی خوێندنەوەی بۆ کرا.
ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی دیاری کوردستان (ئەنوەر تۆڤی)، پێشکەش بە بنەماڵە هێژاکەی کرا، وێڕای ئەوەش چەندین گوڵی وەفاداری لەلایەن دۆست و هەڤاڵ و هاوڕێیانی پێشکەشکران.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، (موسەدەق تۆڤی) گوتاری بنەماڵەی (ئەنوەر تۆڤی) خوێندەوە و، تیاییدا بە گرنگی و پێزانینەوە باسی لە هەوڵ و هەنگاوەکانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد لە پاراستنی ناو و مێژووی هونەرمەندانی ڕەسەنی کوردستان.