رۆژنامەی ھەولێر

هەنگاوەکانی بوژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە کوردستان خێران

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ناوچە گەشتیارییەکانی سنووری دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە سەرچاوە ئاوی زۆر و کەشوھەوای فێنک و جوانی سروشتەکەیان، سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشن و ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دیکە سەردانی دەکەن و جمەیان دێت لە گەشتیار، ئەمە لە کاتێکدایە لە سنووری دھۆک ١٢٠٠ شوێنی گەشتیاری ھەن، ئەو شوێنە گەشتیارانە ٤٥٠٠٠ ھەلی کاریان ڕەخساندووە. گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە قەبارەی حەوت ملیار دینار وەبەرھێنان لە سێکتەری گەشتیاری کراوە.

ھاتنی گەشتیاران بۆ ھەرێمی کوردستان بەھۆی سروشتە جوان و جیاوازەکەی لە عێراق و ناوچەکە، وەک ناوچەیەکی گەشتیاری توانیویەتی ببێتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە پەرەی زیاتر بەو کەرتە بدرێت، لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٥٠ شوێنی گەشتیاری سروشتی و ٩٥٠ شوێنی دەستکرد ھەنە، زیاتر لە ٤٥٠٠٠ کەس لەو شوێنانە ھەلی کاریان بۆ پەیدا بووە، بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی ھەرێی کوردستان، پێویستە ٧٥٪ی ئەوانەی لە ڕیستۆرانت، کافێ و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن، ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان بن، ھەوڵیش دەدرێت ڕۆژبەڕۆژ ڕێژەکە زیاتر بکرێت و بتوانرێت زۆرترین ڕێژەی ھەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بڕەخسێندرێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار داوە، کار لەسەر ئەوەش دەکرێت، سەرنجی گەشتیاری ئەوروپی و عەرەبی ڕابکێشن بۆ لای ھەرێمی کوردستان، ئەوە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێستا ھەرێمی کوردستان خاوەن یاسای گەشتوگوزارە و نەخشەی گەشتیاری ھەیە، ژمارەی پڕۆژە گەشتیارییەکان زیادی کردووە و بەردەوامیش کار بۆ بەھەمەجۆرکردنی کەرتی گەشتیاری دەکرێت، سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پێشخستنی کەرتی گەشتیارییە.
کەرتی گەشتوگوزار بە گرنگترین کەرتی ئابووری ھەر وڵاتێک ھەژمار دەکرێت، لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ چەندین پڕۆژەی گەشتیاری لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، پلانی گەشتیاری بۆ ساڵی داھاتووش دیاریکراوە و بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری بکەونە واری جێبەجێکردنەوە.
بەشێک لە گەشتیاران، کە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” قسەیان کردووە، دەڵێن: خەڵکی دھۆک زۆر میواندۆستن و مامەڵەیەکی زۆر باش لەگەڵ گەشتیاران دەکەن، لە ھەمان کاتدا ڕۆژبەڕۆژ شارەکە پێش دەکەوێت، سرووشتەکەشی جوانە و شوێنە گەشتیارییەکانی بە حەزکردن دەتوانی سەردانی بکەی و کاتێکی خۆش تێدا بەسەرببەی، ھیوادارین شارەکە ھەروا پێش بکەوێت و ئارام بێت، لەگەڵ ئەوەی شوێنی دیکەی گەشتیاری زیاتر بکرێن. بەرپرسانی سنوورەکەش دەڵێن، بەڵێن دەدەین ڕۆژبەڕۆژ شوێنە گەشتیارییەکان زیاتر بکەین، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕەوشی گەشتیاری لە سنووری دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ باشە و ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەی گەشتیاران زیاتر دەبن.
کەرتی گەشتیاری یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان بۆ بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان، ھەر ئەوەش وای کردووە حکوومەتی ھەرێم زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدات. ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: کەرتی گەشتوگوزار لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی ئەو فیدباکەی کە وەرمان گرتووە لە کەرتی تایبەت و لیژنە تایبەتمەندەکانمان لە بنکە گەشتیارییەکان ئەویش ئەوەیە کە ڕێژەی ھاتنی گەشتیاران بۆ ئەمساڵ زۆر دڵخۆشکەر بووە لە زۆر کاتی ساڵدا شوێنە گەشتیارییەکان نەماون بۆ گەشتیاران و شوێنەکان پڕ ببوون لە گەشتیاران، بۆیە لەڕووی ھاتنی گەشتیاران ساڵێکی ھیوا بەخش بوو.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لەسەردەمی کابینەی نۆیەم گەشتوگوزار خرایە ئەولەویەتی کارنامەی حکوومەتی ھەرێم لە پاڵ ھەر یەک لە سێکتەرەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ، ئەو ئەولەویەت پێدانەش ھەر لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژیەت و گوفتار نەمایەوە، بەڵکو لە ئەرزی واقع ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین لەسەردەمی کابینەی نۆیەم گەشتوگوزار وەرچەرخانێکی مێژووی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەر بە داتا و ئاماریش باس بکەین لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا بە قەبارەی حەوت ملیار دینار وەبەرھێنان لە سێکتەری گەشتیاری کراوە و ٧٨ پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون، ئەو پڕۆژانە کەرتی گەشتیاریان بردە قۆناغێکی ھیوا بەخش، ئەوەش وای کرد ھەم پڕۆژە گەشتیارییەکان زیاتر بن، ھەم چالاکە گەشتیارییەکان، ھەمیش ژمارەی ھاتنی گەشتیاران.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕوونیشیکردەوە: بێگومان پلانی داھاتووی ئێمە ئەوەیە کە بتوانین لە ھەرێمی کوردستان گەشتوگوزارێکی بەردەواممان ھەبێت، واتە لە تەواوی وەرزەکانی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، نەک تەنیا لە وەرزی ھاوین یاخود لە بۆنەکاندا، بەڵکو دەمانەوێت بە درێژایی ساڵەکە گەشتیاران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن ئەویش لەڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی جیاواز بەدرێژای ساڵەکە لە شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ نموونە کە دەپەڕینەوە بۆ وەرزی پایز دواتر دەچینە ناو وەرزی زستان لە ئێستاوە پلان دانراوە کە ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە وەرزی پایز ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی بتوانین لەو وەرزەشدا سەرنجی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکان ڕابکێشین، بۆ نموونە لە داھاتوویەکی نزیکدا چالاکی کلتووری و ھونەری لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی دەکرێن، ئەم چالاکیانە زیاتر بۆ بە بڕاندکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکان و خستنەڕووی کارە دەستییەکانە، ھەروەھا دۆزینەوەی بازاڕە بۆ بەرھە ناوخۆییەکان، لەگەڵ ئەوەی ھەندێک چالاکی جۆراوجۆر لە نێوان کشتوکاڵ و گەشتوگوزار ھەن کە ویستوومانە ئەو دوو کەرتە تێکەڵکێش بکەین و دەرفەتێکی ناوازە بڕەخسێنین ھەم بۆ بەبڕاندکردنی بەرھەمە ناوخۆییەکان ھەمیش بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشین، لە سەرەتای مانگی ١١ فیستیڤاڵی ھەنار لە ھەڵەبجە دەکرێت، ھەروەھا لە سنووری سۆران گەشتی پایزە ڕێکدەخرێت، لە ئامێدی فیستیڤاڵی بەرھەمە ناوخۆییەکان دەکرێت، لە زاخۆ و گەرمیان چالاکی کلتووری ھەیە، لە پایتەخی ھەرێمی کوردستانیش ژمارەیەک چالاکی کلتووری دەکرێن، ھەموو ئەو چالاکیانە لە پێناو ئەوەیە کە ئێمە دواجار بتوانین بگەینە گەشتوگوزارێکی بەردەوام و بەدرێژایی ساڵ گەشتیاران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، پەیوەست بە دھۆکیش لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەژێر ڕاسپاردە و فەرمایشتەکانی سەرۆکی حکوومەت لە ھەوڵی ئەوەدایە کە پڕۆژە گەشتیارییەکان زیاتر بکات، لە دھۆک کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێی گەشتیاری دەکەونە خزمەت گەشتیاران، ئەوەش وا دەکات ھەلی کاری زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بڕەخسێت.