رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت هیچ گرفتێک لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان و حکوومەتی فیدراڵی نەماوە

لە میانی کردنەوەی پێشانگەی شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەوانی دایەوە و ڕایگەیاند؛ من هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئامادەبووم بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام دەبێت هاوبەشەکانی تریشمان ئامادە بن.

پێشانگەی نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی خانوبەرە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان و گەشەی زیاتری ئابوری، ڕایگەیاند؛ ئێمە پێشتر داوەتنامەمان نارد بۆ ئەوەی کە شاندێکی کۆمپانیاکانی ئەمریکی سەردانی هەرێم بکەن و ئەمڕۆ دیارە ئەو شاندە لێرەن و هەر دوای ئەم پێشانگەیەش کۆبوونەوەم هەیە لەگەڵیان. شاندێکن کە لە هەموو سێکتەرەکان دەیانەوێت بێن و لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندیی باشتری بازرگانی دروست بکەن، بۆ پەرەپێدانی هەموو کەرتەکان، جگە لە کەرتی وزە، تەماشای شوێنەکانی تریش بکەن.
وتیشی؛ هەر وەکو پێشتریش لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم هەبووە، بۆ فرەچەشنکردن و فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری لە هەرێم لە هەموو ڕوویکەوە. بۆیە من خۆشحاڵم کە ئێستا وڵاتانی تر ڕوو لە هەرێم دەکەن، ئەمەش بێگومان زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەقامگیرییەی کە لە هەرێم هەیە. سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەین، کە کەشێکی وایان ڕەخساندووە، ئێستا وڵاتانی دونیا چاو لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پێشخستنی باری ئابووریی هەرێم لێرە، بەڵام بۆ خۆشیان بێگومان سوودمەند دەبن لەو پێشکەوتنەی کە هەیە.
لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا
سەرۆکی حکوومەت، سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، ڕایگەیاند؛ ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە و هەموو جارێکیش باسمان کردووە، کە هیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەموو جارێکیش دەبینین کە کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە کە هەمیشە هەوڵمان داوە زۆر زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین، چونکە ئەوەی لە لای ئێمە گرنگە بەختەوەریی خەڵکی کوردستانە، ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی کوردستانە، بەردەوامبوونی پێشکەوتنی ئابووریی هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە دەیکات و بەردەوامیش دەبێت.
ڕاشیگەیاند؛ ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردوام دان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی. لەسەر داهاتە نانەوتییەکان تەقریبەن گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێگەیشتن. لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، نە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە بەینی کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان.

پێکهێنانی کابینەی نوێ
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ من هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئامادەبووم بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام دەبێت هاوبەشەکانی تریشمان ئامادە بن، هەر وەختەک ئامادەبوون، ئینشائەڵڵا حکوومەت پێک دەهێنین.