ئەمڕۆ سێشەممە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، پێشوازییان لە شاندێکی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمریکی و کۆمپانیا فرەجۆرەکانی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لوتس بەڕێوبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا کرد.
لە دیدارێکی فراواندا کە وێڕای نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمریکا ـ کوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، کایە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کار و هاریکاریی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوولادا خرانە بەر باس، تیایدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە تێکڕای کایە جیاجیاکاندا، بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی برەودان بە هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە کایەکانی وزە، کاری بانکی و تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرددا، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە ڕەوشی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ کاری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان کرا، لەمبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەکانی ژووری بارزگانیی ئەمریکای لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکاندا کرد و وێڕای نیشاندانی هەموو پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ سەرخستنی کاری هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و کۆمپانیاکانیدا، بەشداریکردنیانی لە پرۆسەی پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانیدا، بە گرنگ لە قەڵەم دا.
لای خۆیانەوە شاندی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە پێزانینەوە باسیان لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی کاریگەری لە سەرخستنی کارەکانیاندا کرد.

