گرێبەستی بەشی یەکەمی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیایەکی ژاپۆنی واژۆ کرا. هاوکات، وەزیری شارەوانی رایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، بەشەکانی دیکەی پڕۆژەکەش لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵییەوە جێبەجێ دەکرێن.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی ئەیلوول، گرێبەستی بەشی یەکەمی پڕۆژەی دروستکردنی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر بە گوژمەی 195 ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای ئیتۆچوی ژاپۆنی واژۆ کرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە چوارچێوەی قەرزێکی حکوومەتی ژاپۆنە لە رێگەی ئاژانسی جایکاوە و ماوەی جێبەجێکردنی سێ ساڵە. پڕۆژەکە توانای چارەسەرکردنی 52 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە رۆژێکدا دەبێت، کە یەک بەشە لە کۆی 16 بەشی پڕۆژە گەورەکە.
گوتیشی: ئەم پڕۆژەیە گرنگییەكی زۆری هەیە لە پاراستنی تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان، هەروەها سوودی گرنگی بۆ پاكڕاگرتنی خاك، پیسنەبوونی ئاوی ژێرزەوی، بەرووبوومی كشتوكاڵ، پاراستنی ئاوی سەرزەوی، سامانی ماسی و پاراستنی ڕووبارەكان كە ئەو ئاوەی دەپاڵیورێت جارێكی دیكە بۆ ئاودانی بەروبوومی كشتوكاڵی و ناوچەی سەوزایی بەكار دەهێنرێتەوە.
هاوکات، وەزیری شارەوانی مژدەیەکی گەورەی راگەیاند و گوتی: “خۆشحاڵم پێتان رابگەیەنم کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریداوە بەشە زۆرەکەی دیکەی وێستگەکە کە چارەسەری 266 هەزار مەتر سێجا ئاوەڕۆی رۆژانە دەکات، لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵییەوە دروست بکرێت”.
بەگوێرەی پڕۆژە نوێیەکە، هاوکات لەگەڵ تەواوکردنی وێستگەکە، بە درێژایی 12 کیلۆمەتر ئاوەڕۆی داخراو (سندووقی) لە چوار دەرچەی سەرەکیی ئاوەڕۆی هەولێرەوە دروست دەکرێت. بەمەش، وەک وەزیری شارەوانی دەڵێت: “هەولێری پایتەخت بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەم گرفتە لەمێژینەیەی رزگاری دەبێت”.

