رۆژنامەی ھەولێر

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هەرێمی کوردستان وەک بازاڕێکی گەورە و کراوە بۆ کەرتی تایبەت دەبینرێت

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ حکوومەتی هەرێم سیاسەتی ئەوەیە بایەخێکی زۆر بە کەرتی تایبەت بدات بە ئامانجی فرەچەشنکردنی ئابووری و کردنەوەی دەرگا بەڕووی سەرمایەگوزاریی بیانی و هێنانی سەرمایەگوزاران لە وڵاتانی جیاجیاوە بۆ هەرێمی کوردستان.

دوێنێ، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە چەند پرسێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان توانیویەتی پێگەیەکی بەهێز لە ئابووریدا بۆ خۆی دروست بکات و بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بچێت، سوودی لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەرگرتووە بۆ گەشەپێدانی ئابوورییەکەی.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەوەشی ڕاگەیاند؛ هەرێمی کوردستان وەک بازاڕێکی گەورە و کراوە بۆ کەرتی تایبەت دەبینرێت و حکوومەتی هەرێم سیاسەتی ئەوەیە بایەخێکی زۆر بەم سێکتەرە بدات. ئەمە بە ئامانجی فرەچەشنکردنی ئابووری و کردنەوەی دەرگا بەڕووی سەرمایەگوزاریی بیانی و هێنانی سەرمایەگوزاران لە وڵاتانی جیاجیاوە بۆ هەرێمی کوردستان.
باسی لە زیانەکانی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند؛ بەداخەوە ئەم پڕۆسەیە ماوەیەکی زۆری خایاندووە. لە 25ـی ئاداری 2023وە تا ئێستا، عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 28 ملیار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتەوە. لە کاتێکدا عێراق بە بڕیاری دادگای پاریس مەبەستی بوو تورکیا قەرەبووی بکاتەوە، بەڵام تورکیا تا ئێستا ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەکردووە. چاوەڕوانکردنی وەرگرتنی نزیکەی ملیارێک و نیو دۆلار لە کاتێکدا زیانی 28ملیار دۆلار تۆمار کراوە، لە ڕووی ژمێریارییەوە کارێکی ناڕەوایە.
وتیشی؛ گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا و دڵنیاییدان بە کۆمپانیا نەوتییەکان کە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو؛ هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم کاردانەوەی توندی ئەمەریکای لێکەوتووەتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بە ڕوونی ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە و جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کردووەتەوە. ئەمەریکا خوازیاری پەیوەندییەکی پتەوە لەگەڵ بەغدا و داوای چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت، بەتایبەت کە دوو لەو چوار کۆمپانیایەی کرانە ئامانج، کۆمپانیای ئەمەریکی بوون. بۆیە داوا دەکات ئەو ناوچانە بپارێزرێن.
سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا، بە ئامانجی قۆستنەوەی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و دروستکردنی پرۆژەی نوێ. لەم چوارچێوەیەدا، ئەم ئێوارەیە کونسوڵی هۆڵەندا کۆڕبەندێکی ئابووریی گرنگ لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕێکدەخات.
سەفین دزەیی، ئاماژەی بە بوونی یاسایەکی باشی سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئاستەنگەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوان ڕێگر نین لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە.