سلێمان تاشان – ههولێر
عێراق لەم ساڵانەی دواییدا ڕۆڵێکی زۆر نەرێنی لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەگێڕێت و گرووپە مافیاکان هەوڵەکانی خۆیان چڕ کردووەتەوە بازاڕەکانی عێراق و ڕێگەکانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی ساغکردنەوەی ئەو ماددە مەترسیدارە بەکار بهێنن، ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی پەردەی لەسەر بەشێک لەو نهێنییە هەڵداوەتەوە و پێی وایە عێراق کەوتووەتە ڕێڕەوی بەقاچاخبردنی دوو جۆر ماددەی هۆشبەر و خەریکە ناوچەکە بۆ گرووپە مافیاکان دەبێتە ئەمەریکای لاتین.
ئەو ڕۆژنامەنووسە کە بە ئالفرێدۆ بۆسکۆ ناسراوە بەشێک لە وێنە و بەڵگەنامەکانی لە سی و حەوتەمین پێشانگەیەکی تایبەت بە وێنەهەواڵ خستووەتە ڕوو، پێی وایە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێستا لەگەڵ هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان جیاوازی هەیە و جیاوازییەکەش لەوەدایە گرووپە مافیاکان ئەگەر لە شوێنی تر زیاتر بە ساغکردنەوە و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی هێرۆین و کۆکاین و مادە هۆشبەرە ناسراوە کۆنەکان خەریک بن ئەوا لە ناوچەکە مادەی نوێی هۆشبەری کێپتاگۆن و کریستاڵ مێت خەریکن، عێراق تووشی قەیرانێکی گەورە بووە و هۆکارە سەرەکییەکەیش ئەوەیە کەوتووەتە سەر ڕێڕەوی سەرەکیی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەکە.
فرۆشتن و ساغکردنەوەی ماددەی هۆشبەر بە تایبەتی لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەغدا و شارەکانی تری باشووری ئەو وڵاتە زۆر پەرەی پێ دراوە، جۆرەی ئەو ماددە هۆشبەرەی کە لە بازاڕەکان باوە بە ماددەی هۆشبەری پیشەسازی ناسراوە کە لە تاقیگەکان بەرهەم دەهێنرێن.
سەرەتای پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ماددانە بۆ سێ ساڵ بەر لە سەرهەڵدانی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە و ساڵ بەساڵ زیاتر تەشەنەی کردووە و بە پارێزگاکانی وڵاتەکەدا بڵاو بووەتەوە و گرووپی زیاتر مامەڵەیان پێوە کردووە و خەڵکی زۆرتر گیرۆدەی بوون.
مادەی کێپتاگۆن زیاتر لە سووریاوە هاتووەتە عێراق و پێشتر بە تایبەتی تا بەر لە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ئەمەریکا سووریای بە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کێپتاگۆن تۆمەتبار دەکرد و دوای ڕووخانی حکوومەتی دیمەشق چەندان کارگە دۆزرانەوە کە ماددەکەیان بەرهەم دەهێنا و ئەم ڕاستییە بۆ تەواوی خەڵکی جیهان ئاشکرا بوو.
کێشە لەوەدایە ئێستا بازاڕی مامەڵەکردن بەو ماددەیە بەرفراوانتر بووە و گەیشتووەتە عێراق، لبنان، ئوردن و سعوودیە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی دامەزراوەی نیولاینز بەهای دارایی ئەو کێپتاگۆنەی هەر ئێستا لە بازاڕەکانی ئەو چەند وڵاتە مامەڵەی پێوە دەکرێت دەگاتە شەش ملیار دۆلار.
ئالفرێد بۆسکۆ دەڵێت پرسەکە لە پێوەندی لەگەڵ ماددەی هۆشبەری کریستاڵ مێت زۆر جیاوازترە و بازاڕە سەرەکییەکەی سووریا نییە بەڵکو لە عێراقە و لە بەغدا و بەسڕا و شارەکانی دیکەی عێراق بازرگانی پێوە دەکرێت.
رۆژنامەنووسەکە کە بۆ ڕادیۆی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا قسەی کردووە دەڵێت ”ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات زۆر جیاواز و مەترسیدارە و خەریکە هەمان ژینگەی گرووپە مافیاکانی ئەمەریکای لاتین، لە ناوچەکە دروست دەبێت، ژمارەیەکی زۆری گروپی مافیایی سەریانهەڵداوە و بازرگانی بە ماددەکە دەکەن.”
هەڕەشەی سەرەکی لەسەر توێژی گەنجانی عێراقە بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان هەژدە تا بیست و دوو ساڵدایە. بەگوتەی ڕۆژنامەنووسەکە بەرپرسانی عێراقی پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران ڕادەدێرن و بۆیان سەلمێنراوە کە تاقیگە و کارگەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ماددە هۆشبەرە کەوتوونەتە سنوورەکانی ئێران.
کۆی ئەو ڕووداوانە دەیسەلمەنن بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر تەنیا ڕەهەندی بازرگانییان نییە بەڵکوو ڕەهەندێکی سیاسیشیان هەیە و دەکرێ بە تیرۆریزمی ماددەی هۆشبەر ناوبهێنرێت چونکە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ماددەیە دەتوانێت سەقامگیری و شیرازەی کۆمەڵایەتیی وڵاتانیش تێک بدات.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە دەستڕۆیشتوون و چەک و پێگەی سەربازیییان هەیە بە ئامانجی دەستخستنی پارەی زیاتر و شێواندنی زیاتری دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان و ئامانجەکانیاندا ڕۆڵ دەگێڕن و خەریکە وڵاتەکە بەرەو هەڵدێر دەبەن.

