رۆژنامەی ھەولێر

دەریاچەیەکی گەورەی کوردستان دوای هەزاران ساڵ وشکی کرد

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دەریاچەی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەر دوو پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە یەکتر جیا دەکاتەوە دوای هەزاران ساڵ بۆ یەکەم جار وشک بوو. نوێترین وێنەی مانگی دەستکردی ئاژانسی ناسای ئەمەریکا کە دوێنێ یەکشەممە حەوتی ئەیلوول بڵاو کرایەوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت.

لە ساڵی ١٩٩٥ ڕووبەری دەریاچەی ورمێ شەش هەزار کیلۆمەتری دووجا بوو و سی و دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدابوو بەڵام وشکی کردووە و کۆتایی بە تەمەنی هاتووە. دەریاچەکە بە گەورەترین دەریاچەی سوێر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەشەم گەورەترین دەریاچەی سوێر لە ئاستی جیهان هەژمار دەکرا . ناوی دەریاچەکە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن یۆنسکۆ بە فەرمی تۆمار کرا و خرایە ڕیزی شوێنە پارێزراوەکانی ئەو ڕێکخراوەوە.
پڕۆسەی وشکبوونی دەریاچەکە لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەد و سەرەتای سەدەی نوێی زاینی دەستیپێکرد و تا ساڵی ٢٠١٥ سەرووی هەشتا و هەشت لەسەدی دەریاچەکە وشک بوو.
حکوومەتی ئێران چەندین لیژنە و دەستەی تایبەتی بۆ پێکهێنا بەڵکوو بتوانێت دەریاچەکە لە وشکبوون ڕزگار بکات، بەڵام ئیدارەدانی خراپی ئاو و نەبوونی کارگێڕییەکی گونجاو لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری لەپاڵ وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وایکرد هیچ کام لە کابینەکانی حکوومەتی ئێران دەریاچەکەیان پێ ڕزگار نەکرێت.
پێشبینی ئەوە کرابوو تا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ دەریاچەکە بە یەکجاری وشک ببێت چونکە ئەو بڕە ئاوەی لە دەریاچەکە مابوو ئەوەندە کەم بوو کە لە قووڵاییەکی کەم و بە ڕووبەرێکی زۆری دەریاچەکەدا بڵاو ببوویەوە و دیاردەی بەهەڵمبوون زۆر بە خێرایی ڕووبەرەکەی تەسک دەکردەوە.
فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی ئێران لە کۆتایی مانگی ڕابردوو باسی لەوە کردبوو کە ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ ئاستێک دابەزیوە کە شایانی باسکردن نییە و ناتوانن چیتر بە ژمارە باس لە دۆخی دەریاچەکە بکەن چونکە بەرەو وشکبوون دەڕوات.
ئەحمەدرەزا لاهیجان زادە، بەرپرسی فەرمانگەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتبووی لە شەش هەزار کیلۆمەتری دووجا نزیکەی شەشسەد کیلۆمەتری دووجا ڕووبەری ئاو ماوە و کۆی ئەو ئاوەی لە دەریاچەکە ماوە نیو ملیار مەتر سێجایە لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو لەم کاتەدا دوو ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدابوو. ئەو ئاماژەی دا کە هیچ ژمارەیەکی تر لە کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکە ڕاناگەیەنن چونکە بەهۆی گەرما ئاوەکە زۆر بە خێرایی بە هەڵم دەبێت.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پاراستنی ژینگه‌ی پارێزگای ورمێش سەرەتای هاوینی ئەمساڵ ڕای گەیاندبوو له‌ به‌شی باكوری ده‌ریاچه‌ی ورمێ، قووڵیی ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌ ته‌نیا پێنج سانتیمه‌تره‌، قووڵیی ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌ له‌ باشووری ده‌ریاچه‌كه‌ پازدە تا بیست سانتیمه‌تره‌ و ئەو کاتیش پێشبینی کرابوو تا کۆتایی هاوین وشک ببێت.
پسپۆڕانی ژینگه‌ هۆشدارییان داوە ئه‌گه‌ر ده‌ریاچه‌كه‌ وشك بێت، ئه‌وا مه‌ترسی بۆ سه‌ر ژیانی پێنج ملیۆن كه‌س له‌ دانیشتووانی ده‌وروبه‌ری ورمێ دروست ده‌بێت. بڕی ئه‌و خوێیه‌ی له‌ ده‌ریاچه‌كه‌دا هه‌یه‌ ده‌گاته‌ دە ملیار تۆن و مەترسی هەیە با ورده‌ خوێیه‌كه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری دەریاچەکە بگوازێته‌وه‌ و كشتوكاڵی ناوچه‌كه‌ش له‌ ناو ببات.