وەرگێرانی: شێرکۆ حەبیب
مەلا مستەفا بارزانی سەرکردەی کورد چۆن دەژی؟ بیرۆکە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی چین؟ ئاسۆی دیدگاکەی بۆ چارەسەری کۆتایی ئاشتیانەی نێوان عەرەب و کورد لە عێراق چییە؟ پاشان کورد بە بۆچوونی ئەو سەبارەت بە پرسەکانی ململانێی عەرەب و ئیسرائیل لە کوێ وەستاوە؟ وە پەیوەندی نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەی عەرەبی، لە ڕووی مێژووییەوە، لە ئێستا و داهاتوودا؟
سەرکردەی کورد، مەلا مستەفا بارزانی، شایەنی ساتێک لێکۆڵینەوە و هەڵوەستەیە، دوای ئەوەی بە درێژایی سی ساڵ بارگرانی پرسی کورد بە ڕێگای سەخت و لە نێوان چەندین مەترسیدا کە لە دۆخە سەختەکان هەڕەشەیان لێکردبوو، تا گەیشتە رێککەوتنامەی ١١ی ئادار کە کۆتایی بە شەڕی نێوان ڕۆڵەکانی وڵات هێنا و بناغەکانی چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی کورد دانا.
فڕۆکەکە لە (پردی جومان) نیشتەوە، کە گوندێکی بچووک و دڵڕفێنە و دەکەوێتە ئەوپەری باکورەوە، لە هەموو لایەکەوە بە شاخی سەوز دەورە دراوە. ژمارەی دانیشتووانی لە هەزار کەس تێناپەڕێت.
ئێمە ئامادەکاریمان دەکرد، بەپێی بەرنامەی داڕێژراو، بۆئەوەی ئۆتۆمبێلەکان بمانبەن بۆ گوندی گەڵاڵە، بۆ بارەگای مەلا مستەفا بارزانی، کە دوور نییە لە پردی چۆمانەوە، چەند کیلۆمەترێکە، بەڵام دەرکەوت زانیمان بارزانی دێتە ئەم گوندە بۆ دیدارمان کەواتە ناچینە گەڵاڵە، لە ژوورێکی بچووک و سادە گەلوپەل دانیشتین و چاوەڕێ بووین. ئەم ژوورە ئەو ژوورەیە کە بە درێژایی چەند مانگی ڕابردوو لایەنێکی گرنگی دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و سەرکردە کوردەکانی لێ ئەنجام دراوە.
ژوورە بچووکەکە پڕ بوو لە ڕۆژنامەنووس و کامێرامانی تەلەفزیۆنی عێراقی و تورکی، هەموویان خۆیان بۆ دیداری ئەو سەرکردەیەی کورد ئامادە دەکرد. جارجار کۆمەڵێک گوندنشینەکان هاتنە ژوورەوە، هەندێک جار بە کوردی و هەندێک جار بە عەرەبی سڵاویان لێدەکردین، لەناکاو دەنگی بەخێرهاتن و سڵاو کاڵ دەبێتەوە و مەلا مستەفا بارزانی شێخێکی سەروو حەفتا و حەوت ساڵ دێتە ژوورەکەوە، بەڵام هەنگاوەکانی جێگیرن و دەستەکانی وەک گەنجێک پتەون، جل و بەرگی چەکدارانی کورد (پێشمەرگەی) لەبەردا بوو، کە پێکهاتبوو لە شەرواڵێکی خاکی زەرد و چاکەتێکی زەرد. لە ناوەڕاستدا خەنجەرێکی بوو و لە دیوەکەی تریشدا دەمانچەیەک بوو.
بارزانی گوتی “سوپاس بۆ یەزدان ئاشتی و لێک تێگەیشن بەرقەرارە، بۆیە دەبێ پیرۆزبایی لەیەکدی بکەین”، بە دەنگێکی نزم، وەک هەمیشە چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی بە درێژایی دانیشتنەکە خوێندەوە.
پاشان پرسیاری ڕۆژنامەنووسان بە هەموو زمانێک ئاراستەی دەکرا بەڵام بە لێهاتوویی و شارەزایی و هێمنیی دڵخۆشکەر و زیرەکی تیژ، توانی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، بەڵام کە نەیدەویست وەڵامیان بداتەوە و بە وشەیەک یان دەستەواژەیەکی دڵخۆشکەر دەیپێچانەوە. وەڵامەکانی بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنووسان وێنەیەکی ڕوون لە وردبینی و وریایی و حیکمەتی سیاسی ئەوی دەردەخست.
سەبارەت بەشداری پێشمەرگە و چەکدارانی کورد لە چالاکییەکانی خۆڕاگریی فەلەستین و سود وەرگرتن لە ئەزمونیان لە جەنگ؟
ئێمە پەیوەندیمان بە حکوومەتی عێراقەوە هەیە. ئێمه عێراقیین، به شداریی پێشمەرگه له بەرگری فەلەستین حکوومەتی عێراقی یەکلایی دەکاتەوه .
ئەو سەرکردە کوردە دەڵێت” هەموومان موسڵمانین و منیش لەگەڵ موسڵمانانم، من تەنها شوێن دین دەکەوم، هەموومان نەوەی ئادەمین، هەموومان مرۆڤین، لە خەباتی خۆماندا دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان دادپەروەری و نادادپەروەری، لەنێوان چاکە و خراپەدا.
تیروانینتان چییە بۆ ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١١ی ئادار دەبنەوە؟
ئەوەی ڕوویدا ئاشتی و ئاشتەوایی و لێکتێگەیشتن و گەشبینییە. هەموو ئاستەنگەکان لادەبرێن و بوار بۆ هیچ لێکتێنەگەیشتنێک نامێنێت. ئەمە بۆ هەموو خەڵک باشە، ئەرکی ئێمەیە بەرگری لە چاکە بکەین و خراپە بەرپەرچ بدەینەوە.
ئامانج و پڕۆژەکانی داهاتووتان دوای ئاشتی چین؟
– هیچ ئامانج و پڕۆژەیەکی تایبەتم نییە. ئامانج و پڕۆژەکانم ئامانجی گەلەکەمن.
ئایا کوردێکتان بۆ جێگری سەرۆک کۆمار کاندید کرد و ئایا پارێزگارەکانتان هەڵبژارد؟
– نەخێر هێشتا نازانم
ئایا سەردانی هەندێک وڵاتی عەرەبی دەکەن؟
– نازانم
چیتان دەوێت لە حکوومەتی عێراق بۆ پەرەپێدانی کوردستان؟
– ئەو وێرانکارییە تەنیا بەسەر کورددا نەهات، بەڵکو هەموو عێراقی گرتەوە و حکوومەت، ئەوەندەی من بزانم، ئامادەیە دەستی ئاوەدانکردنەوە بۆ هەموو شوێنێک درێژ بکاتەوە. بۆ نموونە هەندێک گوند ماڵەکانیان سووتاوە، خاوەنی ئەو ماڵانەش دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، و حکوومەت هاوکاریان دەکات لەو کارەدا.
ئایا لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشداری کاری سیاسی فەرمی دەکەیت؟
– بەڕای من حەز دەکەم دەستبەرداری هەموو شتێک بم و خزمەت بکەم تەنها لەبەر ئەوەی خزمەتکردن ئەرکێکە بۆ هەموو بەندەیەکی خودا، وە ئەرکی ڕاستگۆیی و دڵسۆزییە. ئەگەر داوام لێبکرێت هەر کارێک بکەم، بەپێی ئەوەی خەڵک بە گونجاوی دەزانێت، کەم تەرخەمی ناکەم. کاتێک مرۆڤ دەگاتە تەمەنی ٦٠ ساڵ خانەنشین دەبێت و ئێستا من زۆر لەو تەمەنە تێپەڕیم.
ئایا کۆنفرانسی گشتی حزبی بۆ پێداچونەوە بە ستراتیژی خۆی دەبەسترێت؟
– چۆن دەتەوێت پێش کۆبوونەوەی حزب شتێک یەکلایی بکەمەوە؟ کاتێک کۆبووینەوە، بۆچوونی خۆم وەک کەسێک و وەک ئەندامێکی حیزب دەڵێم.
بۆچوونتان سەبارەت بە گۆڕانی سۆسیالیستی لە کوردستانی عێراق چییە؟
– گۆڕانی سۆسیالیستی هاوشێوەی ئەوە دەبێت کە لە عێراقدا ڕوودەدات چونکە کوردستان لە دەرەوەی عێراق نییە، بەڵکو لە ناوخۆی عێراقدایە. بارزانی بە دەنگێکی نزمەوە ئایەتێکی پیرۆزی قورئان پیرۆز بەدەنگێکی نزم دەڵێتەوە: “ئیمانداران برایەکن، بۆیە ئاشتی لە نێوان براکانتاندا بکەن”.
ئارەزوەکانت چین و کاتەکانی بەتاڵی چۆن بەسەر دەبەیت؟
– خۆشترین ئارەزووم چوونە دەرەوەن بۆ ڕاوکردن و کۆکردنەوەی پارچەی بلوری لە شاخەکانەوە. تاکە وەرزشی دڵخوازی من ڕۆیشتنی مەودای دوورە. بێگومان ئەمەش پەیوەستە بە مەرجەکانی تەندروستیی گشتی. ئەگەر باش بێت مەودای دوور دەڕۆم. بەڵام ئەگەر نەبوو، من لە ماڵەکەم دەرناچم.
چ جۆرە کتێبێک دەخوێنیتەوە؟
– من حەزم لە خوێندنەوەی کتێبی سیاسی و مێژووییە، لە ئێستادا خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکم دەربارەی مێژووی جیهان. گەورەترین کتێب کە زۆربەی کاتەکان لەگەڵیدا بەسەر دەبەم بریتین لە قورئانی پیرۆز و کتێبەکانی تەفسیر و فەرموودە.
پێش ئەوەی لە دیوەخانی بارزانی دەربچم، کۆمێنتێکم لەسەر ئەو جلوبەرگانە کرد کە کورد لەبەری دەکات. لێم پرسی: چیرۆکی پشت ئەم جلوبەرگانە و ئەو پانتۆڵ چییە و مێژووی ئەو جلوبەرگە چییە؟
مەلا مستەفا بارزانی پێکەنی و وتی “ڕۆژئاوا ئەم پۆشاکەیان لێ وەرگرتین و ئەم پانتۆڵانەی ئێوە لەبەری دەکەن جگە لە پەرەپێدانی ئەم پانتۆڵانە هیچی تر نین”.

