رۆژی شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئاسایشی شارەزوور ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکردووە کە شەوی رابردوو لە پارێزگای هەڵەبجە هاوژین و کچەکەی خۆی کوشت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیـیەوە بووە، هەڵاتووە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، دەستبەجێ دوای رووداوەکە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تیمەکانی ئاسایشی شارەزوور لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کرد و لە ماوەی کەمتر لە دوو کاتژمێردا توانییان شوێنی تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.
ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتبار لە کاتی دەستگیرکردنیدا هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەئێستادا تۆمەتبارەکە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

