فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردەوە: “کارکردن لە پرۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ لە ئامێدی بەردەوامە، ئێستا 65%ی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو بكرێت”.
ئاشكراشی كردووە، گوژمەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەکە زیاتر لە چوار ملیار دینارە و درێژیی كۆڕنیشەكەش کیلۆمەترێکە.
کۆڕنیشی شیلادزێ پێكدێت لە بەنداو، خواردنگە، کافتریا، نافوورە، شوێنی خزمەتگوزاری، یاریگەی منداڵان، باخچە و ڕووناکی.
پرۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ، یەکێکە لەو دەیان پرۆژە گەشتیارییەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری و فرەچەشنکردنی داهات.
پێشتر ڕزگار سارکی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ ڕایگەیاندبوو: “پڕۆژەی کۆڕنیشی شیلادزێ یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان لەسەر ئاستی پارێزگای دھۆک و کاریگەری زۆری لەسەر دەڤەری ئامێدی دەبێت”.
ئاماژەی بەوەش دا: “پڕۆژەیەکی گەشتیاری و ئابووری گرینگە، چونکە دەبێتە ھۆی بووژانەوەی دەڤەرەکە لەڕووی ھاتنی گەشتیار”.
ڕزگار سارکی ڕوونی کردەوە، سەرمایەی پڕۆژەکە زۆرە و ژمارەیەکی زۆری دەرفەتی کاریش بۆ ھاووڵاتییانی شیلادزێ رەخساندووە.

