رۆژنامەی ھەولێر

لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی مووچە و هەناردەكردنەوەی نەوت و رووداوەكانی شاری سلێمانی كرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتادا سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (دروودی خوای لە سەر بێت) لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان کرد و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ هەمووان.
پاشان لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی دەربڕی کە بەداخەوە بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک کەس، سەرۆک وەزیران پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە کێشە و ناکۆکییەکان لە ڕێگەی یاسا چارەسەر بکرێن.

ئینجا سەرۆک وەزیران داوای لە جێگری سەرۆک وەزیران کرد کە ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕووداوەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بخاتەڕوو.

جێگری سەرۆک وەزیران بەوردی باسی رووداوەکانی کرد کە بەرەبەیانی رۆژی 22ی ئابی 2025 ڕوویان دا، ئاماژەی بەوەش دا كە هەوڵ هەبووە پشێوی و ئاژاوەی گەورە دروستبکرێت و پیلان هەبوو بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوار کاتی جیاوازدا. گوتیشی كە هەر بۆیە ئەوەی کە کرا پووچەڵکردنەوە ئەو پیلانە ئاژاوەگێڕییە و چەسپاندنی یاسا بووە و ئێستاش ڕێکاری یاسایی دەگیرێتە بەر بۆ یەکلاکردنەوە ئەو بابەتە.

دواتر ڕێڕەوی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، دەربارەی دۆسیەی پۆڵێن و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم و دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و لەیەکترگەیشتن و کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکان.

هەریەک لە کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە هەردوو بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان خستەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە لیژنەی دانوستانکاری هەرێم کە دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاندووە بۆ داکۆکیی لە مافی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێم، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران شاندی دانووستانکاری ڕاسپارد کە لە کۆبوونەوەکانی سبەینێیان کە وا بڕیارە لە بەغدا لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵیی ئەنجام بدرێت، بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان و پەلە بکەن لە گەیشتن بە چارەسەری گونجاو لەپێناوی هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، بە تایبەتیش کە هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیای نەوتی باکور و کۆمپانیای سۆمۆ، کۆنووسی هاوبەشی پڕۆتۆکۆلی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتیان واژۆ کردووە و ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە بە زیادەوە کارئاسانی پێویست کراوە بۆ لابردنی بەربەستەکان، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی بەرهەمهێنانی پێش هێرشە تیرۆریستەکانی ئەم دواییەی سەر کێڵگە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم.

سەبارەت بە بابەتی هاوبەشی پێکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی ئەم بابەتە، بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ ڕێکخراوە کە دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردووەتەوە، داواشی کرد لە چوارچێوەی ئەم دوو یاسایە بابەتی داهاتی نانەوتیش چارەسەر بکرێت هەروەک لە دوا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵیش جەختی لەسەر کراوەتەوە و لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە، تاوەکو چیتر ئەم دوو بابەتە وەکو پاساو و بیانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنرێت کە بە داخەوە ئێستا لە مانگی ئەیلوولین، کەچی تازە مووچەخۆران مووچەی مانگی حوزەیرانیان بۆ دەنێردرێت کە پێویست بوو مووچە و شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، تێکەڵی ناکۆکيیەکانی نێوان هەردوو حکوومەت نەکرێت هەروەک بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیش جەختی لێ کردووەتەوە.