وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکانی پارێزگاری هەڵەبجە دا، کە بەپێی ئەوە یەکێک لە قوربانییانی ئاگرەکەی هەڵەبجە بە شەهید هەژمار دەکرێت و بنکەیەکی پۆلیسی دارستانیش بە ناوی قوربانییەکەی دیکەوە ناودەنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێری پایتەخت پێشوازیی لە نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەڵەبجە، مەبەست لە سەردانەکە گەیاندنی چەند داواکارییەک بووە لەبارەی هەردوو شەهیدی ژینگە، ئاری موختار و محەمەد شێخ حەیدەر، کە لە ئاگرەکەی ئەم دواییەی ناوچەکەدا گیانیان لەدەستدا.
داواکارییەکان بریتیبوون لە بە فەرمی ناساندنی ئاری موختار جەمال وەک شەهید و بڕینەوەی مووچەیەکی شایستە بۆ خانەوادەکەی. هەروەها پێشنیازکرا ناوی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ بگۆڕدرێت بۆ بنکەی پۆلیسی شەهیدی ژینگە محەمەد شێخ حەیدەر.
لای خۆیەوە، وەزیری ناوخۆ دەستبەجێ رەزامەندیی لەسەر سەرجەم داواکارییەکان نیشاندا و پشتیوانیی تەواوی وەزارەتەکەشی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دووپات کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسی سەرۆکایەتیی حکوومەت، جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆی کرد، بەرامبەر ئەو پشتیوانییەی لە کاتی رووداوی ئاگرەکەدا پێشکەشیان کردووە.

