ڕائیب جادر – هەولێر
بە گوێرەی ھەمواری یاسای زیندانیانی سیاسی عێراق، ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی بەغدای لێ دێت.
ئەحمەد مام ڕەسول، بەرێوەبەری زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەھیدان لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، دوای ھەوڵێکی زۆری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ لیژنەی شەھیدان و زیندانییە سیاسییەکانی پەرلەمانی عێراق، دواجار ئەو بڕیارە درا.
بەرێوەبەری زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەھیدان لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: بەو پێیەی کە ماددەی ١٥ـی یاسا ھەموارکراوەکە ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ماف و ئیمتیازاتەکانی بەغدایان دەبێت، ئەمەش بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دادەندرێت.
شایەنی باسە یاسای عێراقی لەڕووی دەرماڵەی مانگانەوە جیاوازییەکی زۆری ھەیە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، چونکە زیندانیانی سیاسی لە کوردستان زۆرترین بڕی ٥٠٠ ھەزار دینارە، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دینارە.

