رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە و باسیان لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی فەرەنسا کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق پاتریک دۆرێل، پەیوەندییەکانی فەرەنسایان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد و دەربارەی دۆخی گشتی و ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەنییەکانی هەولێر – بەغدا، بیروڕایان گۆڕییەوە.

هەردوولا پەیوەندییەکانی فەرەنسایان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بە گرنگ هەڵسەنگاند و داکۆکییان لە فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان کردەوە، هەر لەمبارەیەوە باسیان لە سەردانی چاوەڕوانکراوی ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی عێراق و پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.