دوێنێ، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتی گەورەی ‘نوور’ و کەنیسەکانی ‘تاهیرە’ و ‘ساعە’ـی کرد و گوتارێکی بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرد.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتەیەکدا بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند؛ جەختی لەوە کردەوە “تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش، بەتایبەتی لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و شنگال، ئیرادەی گەلەکەمان بۆ مانەوە و پێکەوەژیان ناشکێنێت. ئەو تیرۆریستانە پەرستگاکانیان کردە ئامانج، کۆمەڵکوژییان دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامدا، مەسیحییەکان و هەموو
پێکهاتەکانی نەینەوایان ئاوارە کرد و هەوڵیاندا ناسنامەی شارەکە بسڕنەوە.”
وەزیری ناوخۆ، ڕێزی لە قوربانیانی هێزە عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە گرت، بەتایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە، کە وەک خۆی گوتی “لە سەنگەرەکانی پێشەوە وەستان و دەروازەکانی ڕزگارکردنی مووسڵیان بۆ هێزە فیدراڵییەکان کردەوە.” ئاماژەی بەوەش دا، هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی لەناوبردنی داعشدا قوربانییەکی زۆری داوە و خوێنیان لە گۆڕەپانی جەنگدا لەگەڵ هێزە عێراقییەکان تێکەڵ بووە، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە “پاراستنی شار و هاووڵاتییان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە.”
جەختی لە پێویستیی ڕەتکردنەوەی ناکۆکییەکان و پەرەپێدانی کەلتووری ئاشتی مەدەنی و پێکەوەژیانی هاوبەش کردەوە، “چونکە ئەوەی کۆمان دەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی جودامان دەکاتەوە.”
وەزیری ناوخۆ، ڕێبەر ئەحمەد، باسی لە ڕەوشی ئاوارەکان کرد و ڕایگەیاند؛ خێراکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالی بە هەنگاوێکی ‘زۆر پێویست’ زانی بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی ئێزیدی بۆ ناوچەکانیان بە ‘ڕێز و شکۆوە’ و بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقی لەسەر شانی هەموو لایەنەکان وەسف کرد.
هەر لە درێژەی وتەکانیدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق کردەوە “وەک دەروازەیەکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان، کە سەقامگیری ئەو ناوچانە دابین دەکات و ڕۆحی برایەتی و هاووڵاتیبوون لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکاندا بەهێز دەکات.”

