رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی كارەبای عێراق هەوڵەكانی حكوومەتی کوردستان لە پرۆژەی ڕووناکی بەرز دەنرخێنێ

وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی کارەبای حكوومەتی فیدراڵ كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمیان بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری لە هەرێمی كوردستان بەرز نرخێنرا.

کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا پێشوازیی لە خالید غەزایی بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراقی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان گواستنەوە و دابەشکردن و کۆنترۆڵ و بەرپرس و نوێنەری کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی کارەبا لە هەرێم ئامادەبوون، جەخت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت کرایەوە.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا دەستکەوتەکانی وەزارەتی کارەبای هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی ڕووناکی و دابینكردنی كارەبای 24 کاتژمێری، لەلایەن وەزارەتی کارەبای فیدراڵەوە بەرز نرخێنرا.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق، وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کرد تا کۆتایی ساڵی 2026 تەواوی هەرێم سوودمەند دەبێت لە پڕۆژەی ڕووناکی و كارەبای 24 کاتژمێری و لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنانی غاز هەرێم توانای زیاتری ئیشپێکردنی یەکەکانی وێستگەکانی کارەبای دەبێت.