رۆژنامەی ھەولێر

سەركونسوڵی كۆریا، گەنجانی كورد هان دەدات بۆ توێژینەوە

 

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

خەڵاتی كوردە بۆ ئابووری هەم پێشبڕكێیەكە و هەم پلاتفۆرمێكە کە چوار لایەن پێکەوە دەیکەن. كونسوڵخانەی كۆریا و، كوردستان كرۆنیكڵ و، هاوینەهەواری شینگلبانە و ڕێكخراوی كوردستان بۆ گەشەپێدان (KOD) پێکەوە ئەو دەسپێشخەریەیان کردووە بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی فكری ئابووری لەنێو كۆمەڵگا و هاندانی گەنجان بۆ بەشداریكردنی چالاكانە لە داڕشتنی ئایندەی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

كونسوڵی گشتی، بەڕێز سنچۆل لیم بە میوانداریی دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ بەشداریی كرد لە مەراسیمی پێشكەشكردنی وتاری ئەو قوتابیانەی كە بوونە براوەی قۆناغی یەكەمی خەڵاتی كوردە. قوتابیە سەركەوتووەكان وتارەكانیان بە شێوەی سیمینار لە بەردەم لیژنەی هەڵسەنگاندن پێشكەش كرد. یەكی ئەیلوولی ٢٠٢٥، شەش براوەی پێشبڕكێكە ڕادەگەیەنرێن.
بەرپرسانی دامەزراوەی كوردستان كرۆنیكڵ لە مەراسیمی پێشكەشكردنی وتاری قوتابیان گوتیان ئەمڕۆ قۆناغێكی دیكەی خەڵاتی كوردە بۆ باشترین لێكۆڵینەوەی ئابووریی كوردستان لە سالۆنی بۆنەكانی دامەزراوەی كوردستان كرونیكڵ بەڕێوە چوو، كە چەند باسێكی گرنگی ئابووریی لەخۆ گرتبوو. ئەم پرۆژەیە لەلایەن كۆنسوڵخانەی كۆریای باشوور و ریكخراوی گەشەپێدانی كوردستان KOD رێی خۆی گرتووە و لەلایەن شنگلبانەوە سپۆنسەر دەكرێت.
حازم كوردە خاوەنی هەوارگەی گەشتیاری شنگلبانەی ڕواندز لە پرۆسەی یارمەتیدانی گەنجان لە بواری ئابووی بە هەماهەنگی لەگەڵ ریكخراوی KOD و كوردستان كرۆنیكڵ و كونسولخانەی كۆریای باشوور، وتارێكی بەنرخ و بایەخداری پێشكەش بە ئامادەبووان كرد بۆ هاندانی زیاتری گەنجی كورد لە پرۆسەی بەرەپێشبردنی كەرتی ئابووری.
بەڕێزیان لە درێژەی باسەكەیدا باسی چونیەتیی خەباتی ئابووریی خۆی دەكات كە چۆن لە سفرەوە دەستێ پێ كردووە و، ئێستاش بۆتە خاوەن گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق كە، سەدان هەلی کاری ڕەخساندووە لەو دەڤەرەدا. سەرەڕای پاراستنی هەستی نیشتمانپەروەری لە هەندەران و، هاوكاریکردنی بێبڕانەوەی ئەو گەنجانەی ساڵانە پلەكانی یەكەم لەسەر ئاستی جیاواز دێنن لە ڕواندز و لەئەستۆگرتنی خەرجی خوێندنیان تا كۆتا ساڵی خوێندنەکەیان لە زانكۆ.
نەبەز خەیات وەك سەرۆكی ڕێكخراوی KOD، بە قووڵی پاڵپشتی كونسوڵی گشتی كۆماری كۆریا و سپۆنسەری خاوەنی هاوینەهەواری شینگلبانە كاك حازم كوردە و ڕۆڵی كوردستان كرۆنیكڵ بە سەركردایەتی كاك بۆتان تەحسین لە میوانداریكردنی ئەم بۆنە گرنگەدا بەرز نرخاند. گوتیشی پابەندییان هانی ڕێكخراوەكەمان دەدات هەوڵەكانی فراوانتر بكات و كاریگەری زیاتر بۆ داهاتووی گەشەسەندنی ئابووری كوردستان بگەیەنێت.
جیگای باسە خەڵاتی كوردە بۆ ئابووری، لە پێشبڕكێی وتارنووسیندا دەدرێتە قوتابیانی زانكۆ. ڕێكخراوی كوردستان بۆ گەشەپێدان بە خۆشحاڵییەوە پێشبڕكێیەكی وتارنووسینی راگەیاندووە كە تیشك دەخاتە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەرێمی كوردستاندا. ئەمە دەرفەتێكی گونجاوە بۆ خستنەڕووی بیرۆكەكانتان.