ڕائیب جادر – هەولێر
چوار مانگ بەسەر ئەو نووسراوەدا تێدەپەڕێت کە سەرۆکی لیژنەی ماددەی ١٤٠ ئاراستەی پارێزگاکانی کردووە بۆ دابینکردنی پارچە زەوی بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ماددەکە دەیان گرێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە تا ئێستا زیاتر لە ٦٥ ھەزار خێزانی کەرکووک قەرەبوونەکراونەتەوە.بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، دەڵێ: بۆ ئەو بابەتە بەدواداچوونمان کردووە، دەرکەوتووتە کە ھیچ پارچە زەوییەک بۆ ئاوارەکانی سنووری کەرکووک دابین نەکراوە، لە ھەمان کاتدا ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی چەند کەسێک زەوییان وەرگرتووە کە ھەر خەڵکی شارەکە نین. دەشڵێ: لە کەرکووک ٨٥%ی فەرمانگە حکوومییەکان بە دەست عەرەب و تورکمانەوەیە.
بەپێی ڕێنمایەکان ھەر کەسێک لە سنووری ماددەی ١٤٠ ئاوارە بێت مافی ئەوەی ھەیە قەرەبوو بکرێتەوە، ئەویش بریتییە لە دابینکردنی پارچە زەوییەک لەگەڵ ١٠ ملیۆن دینار، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆکی لیژنەکە نووسراوێکی ئاراستەی پارێزگای کەرکووکی کردووە کە تا ئێستا لەو سنوورە بۆچی ھیچ کەسێک قەرەبوو نەکراوەتەوە، ئیدارەی شارەکەش، دەڵێ، کێشەی موڵکداری ھەیە، سەرۆکی لیژنەی ماددەی ١٤٠ـیش داوای کردووە پارێزگاری کەرکووک ڕاپۆرتێک ئامادە بکات بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لیژنەیەک پێکبھێنرێت.
بەپێی نووسراوەکە بێت زیاتر لە ٣٥ ھەزار کەس لە ئاوارەکانی کەرکووک بڕیاری دابینکردنی پارچە زەوییان بۆ دراوە، بەڵام ئیدارەی شارەکە بەبیانۆی نەبوونی پارچە زەوی ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە، ئەوەش ئاوارەکانی نیگەران کردووە و داوا دەکەن وەکو ھەر ئاوارەیەکی دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق ھەرچی زووە دە ملیۆن دینار و پارچە زەوییەکیان پێ بدرێت. کاروان عادل کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بۆ ئەو بابەتە بەدواداچوونمان کردووە، دەرکەوتووتە کە ھیچ پارچە زەوییەک بۆ ئاوارەکانی سنووری کەرکووک دابین نەکراوە، لە ھەمان کاتدا ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی ئاوارەکان لە کەرکووک چەند کەسێک زەوییان وەرگرتووە کە ھەر خەڵکی شارەکە نین.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ئەو خێزانانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ گەڕاونەتەوە کەرکووک دەبێت وەکو قەرەبوو ١٠ ملیۆن دینار و پارچە زەوییەک وەربگرن، ھەشە ھەتا ئێستا ھەر نەگەڕاوەتەوە ئەمە لە ماددەی ١٤٠ بەڕوونی باس کراوە و تێدا ھاتووە، کاتێک کە قەرەبووی خەڵکەکە تەواوبوو و ھەموو خەڵکەکە گەڕایەوە و قەرەبوویەکەیان وەرگرت ڕاپرسی دەکرێت، واتە ھێشتا مەرحەلەی یەکەم تەواو نەبووە کە بریتییە لە ئاسایی کردنەوە و گەڕانەوەی خەڵکەکە و قەرەبووکردنەوەیان کە تا ئێستا ٣٥ ھەزار ھاووڵاتی قەرەبووی ماددەی ١٤٠ـی وەرگرتووە ئەوانی دیکەش ماون کە نزیکەی ٦٥ ھەزار کەس دەبن.
کاروان عادل کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کە ئیدارەی شارەکە کەوتە دەست ڕاکان جبووری و عەرەبی شۆڤێنی و حەشدی شەعبی، ئەوانیش دەستیان نەپاراست و ئەوانەی لە سلکی ئەمنی فەرمانبەر بوون و خەڵکی کەرکووک نەبوون لەڕێگەی سەرووی خۆیان داوای قەرەبووکردنەوە و پارچە زەوییان بۆ کرد، ئەوانیش ئاسانکاریان بۆ کرد و وەریان گرت، لە ھەندێک گەڕەک زەوی ھەر تاپۆ نییە ھەتا گەڕەکێکیان بە زێدەڕۆی بەناوی حەی بەدر دروست کردووە، ئێستا بووەتە گەڕەک و پارچە زەوی ئەو گەڕەکە پارەیەکی زۆریش دەکات، ھەروەھا عەرەبی شۆڤێنی دەستی بەسەر زەوی کشتوکاڵیدا گرتووە و نادەنەوە بە خاوەنەکانیان.
سەبارەت بەوەی بۆ خەڵکی کەرکووک چی کراوە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: کاری ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکان چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، ھەروەھا بە دیکۆمێنتکردنی بابەتێکی نایاسایی و تەعریب و داگیرکاری و ئەو شتانەیە، ھەر شتێکیش ھەبێت سەرووی خۆمان لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئەوانیش ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەوە کاری ئێمەیە و ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە، بۆ نموونە لە کەرکووک داگیرکاری، تەعریب و ھاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ ناو کەرکووک و دامەزراندنی خەڵکێکی دیکە لە جیاتی خەڵکی کەرکووک ھەیە ھەموو ئەمانە بە دیکۆمێنت کراوە و سەرووی خۆمان لێ ئاگادار کردووەتەوە، ھەندێک بابەت ھەیە شوێنی خۆی گرتووە و ھەندێک بابەتی دیکەش ھەیە بە ئامانج نەگەیشتووە.
سەبارەت بە ڕەوشی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە، کاروان عادل کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان وەکو پێویست نییە، چەندین ساڵە کورد کە خاوەن ماڵە دەرکراوە، تا ئێستاش تەعریب بەردەوامە، سەرەڕای دەرکردنی یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کەچی تا ئێستا یاساکە نەچووتە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەکی بۆ پێکھێندراوە بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە ئیدارییەکان، ئەگەر باسی کەرکووک بکەین زۆربەی ھەرە زۆری فەرمانگە حکوومییەکان واتە ٨٥% بەدەست نەتەوەی عەرەبەوەیە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە یاسا پەیڕەو ناکرێت، تا ئێستاش دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە عەسکەرتاریەتە، ئێستاش عەقلیەتی تەعریب و شۆڤێنی و داگیرکاری لە کەرکووک پووچەڵ نەکراوەتەوە و ھەر ماوە.

