ڕائیب جادر – هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان و تا ئێستا ١٢٠ قوتابخانە لەڕێگەی وزەی خۆر کارەبایان بۆ دابین کراوە، لە داھاتووشدا بە دەیان قوتابخانەی دیکە لە سیستەمەکە سوودمەند دەبن. بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، دەڵێت: سیستەمەکە بۆ قوتابخانەی گوندەکان پێویستییەکی ھەنووکەییە.
بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تەواوی قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستان سیستمی کارەبا بە وزەی خۆریان بۆ دابین دەکرێت، تا ئێستاش ١٢٠ قوتابخانە لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، ھەڵەبجە، کەرکووک و ئیدارە سەربەخۆکان، سیستەمەکەیان بۆ دانراوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا ساڵانە گرنگییەکی زۆری بە کەرتی پەروەردە داوە و ئەوەشی بە مایەی شانازی ناوبرد، کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویەتی بەشێک لە پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە بە ھاوکاریی ھاوبەشەکانی دابین بکات و دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دابینکردنی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆر بۆ قوتابخانەکان بەردەوام دەبێت. خەڵکێکی زۆر لە ئێستادا سیستەمی وزەی خۆر بەکاردەھێنن، چونکە پارەیەکی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە و لە ھەمان کاتیشدا حکوومەت لێی سوودمەند دەبێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە ھاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی سیستەمی وزەی خۆر بۆ ٢٥ قوتابخانەی دیکە لە ھەرێمی کوردستان دابین دەکەن، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە پارساڵیش ١٠ قوتابخانە ئەو سیستەمەیان بۆ دابین کراوە. پێشتر د. ئاڵان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا بوو، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە زۆر بواردا پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە و دەیان بینای قوتابخانە لە شار و شارۆچکەکان دروست کردووە و پێشکەشی کەرتی پەروەردە کردووە، سەدان قوتابخانەی نۆژەنکردوونەتەوە و بۆ دووەمین جارە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستباری کەرتی پەروەردە دەبێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەویش ٢٥ قوتابخانەیە لە پاڕێزگاکانی ھەڵەبجە، ھەولێر و دھۆک کە وزەری خۆریان بۆ دابین دەکرێت و ساڵی پاریش ١٠ قوتابخانە کارەبایان لە ڕێگەی وزەی خۆر بۆیان دابین کراوە، بەوەش کۆی گشتیی دەبێتە ٣٥ قوتابخانە و باسیکرد تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ١٢٠ قوتابخانە لە ڕێگەی وزەی خۆر کارەبایان بۆ دابین کراوە.
د. ئاڵان حەمە سەعید، وێرای سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و تیمەکانی بەشدار لە پڕۆژەکە، جەختی لەوەش کردەوە، کە لەو پڕۆژەیە فرە پێکھاتەیی لەبەرچاو گیراوە و دەستنیشانکردنی قوتابخانەکان بۆ دابینکردنی وزەی خۆر لەڕێگەی کارەبا، تەنیا تایبەت بە قوتابخانەکانی زمانی کوردی نییە، نموونەشی بەوە ھێنایەوە، کە ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە لە قوتابخانەیەکی سریانی بووە و پڕۆژەکە قوتابخانەی زمانی تورکمانیشی تێدایە.
بەشێک لە بەڕێوەبەری پەروەردەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: داواکارین لە ھەموو قوتابخانەکان سیستەمی وزەی خۆریان بۆ دابنرێت، چونکە ھەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای دەڤەرەکە وا
دەخوازێت و زۆربەی قوتابخانەکان کەوتوونەتە گوندەکان و شوێنە دوورە دەستەکان، سیستەمی خوێندنی ئێستا بۆ بەڕێکردنی کارەکانی کارگێڕی و وانەوتنەوە، بۆیە لە سەردەمی ئێستادا ھەبوونی
کارەبا پێویستییەکی ھەنووکەیە. ئەحمەد حەمەدئەمین قادر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: تا ئێستا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ١٠ قوتابخانە سوودمەند بوونە لە سیستەمی وزەی خۆر، ئەوەش بە ھاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دەزگا ناوخۆیی و بیانییەکان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە
و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکانەوە بووە، ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران لە پلانی دایە سیستەمی وزەی خۆر بۆ چەندین قوتابخانەی دیکە دابین بکات.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، دەشڵێت: چەندین قوتابخانە لە سنووری ئێمە کەوتوونەتە ناوچە دوورەدەستەکان بەتایبەتی گوندەکان، ئەوانەش پێویستیان بەوە ھەیە کە سیستەمی وزەی خۆر بۆیان دابین بکرێت و سوودمەند بن لەو سیستەمە، ھەروەھا بارگرانی زیاتریش لەسەر حکوومەت کەم دەکاتەوە، بۆیە ھەوڵ دەدەین ڕێژەکە زیاتر بکەین.
ئەحمەد حەمەدئەمین قادر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران،
ئاماژەی بەوەشدا: سیستەمی وزەی خۆر گرنگییەکی زۆری ھەیە و ھاوکار دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و باشتر گەیاندنی پەیام و مەنھەجی خوێندن، ھەروەھا ئەو سیستەمە وادەکات بارگرانی لەسەر حکوومەت کەم بکاتەوە بەتایبەت بۆ ئەو گوندانەی دوورەدەستن و ھەڵکەوتەی جوگرافیای سەختیان ھەیە بەتایبەتی لە وەرزی زستان و سەختی کەشوھەوا ئاستەنگی جوگرافیای ناوچەکە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ دابینکردنی وزەی پاک و بەھێز بۆ قوتابخانەکان و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندی خوێندن لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە.

