سرەوە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM)، هەرێمی کوردستان وەک نموونەی “مۆدێلێکی حوکمڕانی پێشکەوتووخوازانەی کۆچ و لووتکەی مرۆیی” لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتووە.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ناوەندیی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە نوێترین هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ کرد و ڕایگەیاند؛ هەرێمی کوردستان وەک نموونەی “مۆدێلێکی حوکمڕانی پێشکەوتووخوازانەی کۆچ و لووتکەی مرۆیی” لەسەر ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتووە.
ئەوەشی خستەڕوو؛ ئەم هەڵسەنگاندنە لە چوارچێوەی “نیشاندەری حوکمڕانی کۆچ” (Migration Governance Indicators – MGI) ئەنجامدراوە، کە ئامرازێکی داهێنراوی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچە و لە ساڵی 2016وە، لەسەر ئاستی جیهان کاری پێدەکرێت. ئامانج لەم ئامرازە یارمەتیدانی حکوومەتەکانە بۆ هەڵسەنگاندنی سیاسەت و ستراتیژییەکانیان لە بواری کۆچدا، کە پشت بە نزیکەی 100 نیشاندەر دەبەستێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵسەنگاندنە دووپاتی ئەو خزمەتگوزاری و مافە سەرەکیانە دەکەنەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا پێشکەشی ئاوارە و پەنابەرانی کردووە. هەروەها، سیاسەتەکانی هەرێم بەراورد کراون بە حەوت بنەمای سەرەکی نیشاندەری حوکمڕانی کۆچ لە جیهاندا.
وتیشی؛ پرۆسەی هەڵسەنگاندنەکە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردووەوە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەستی پێکردووە و چەندان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، دامودەزگای حکوومی و وەزارەتی پەیوەندیدار تێیدا بەشدار بوون.

