رۆژنامەی ھەولێر

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان: شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکهێنانی حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان داوا دەکەن ھەرچی زووە کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، پارتی و یەکێتییش ڕێککەوتوونە مانگی داھاتوو پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرێت، بۆ ئەو مەبەستە کارگێڕی پەرلەمان ئامادەکاری دەکات. گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: شاندی ھاوبەشی پارتی و یەکێتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکھێنانی حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دابەشکردنی پۆستەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بوونەتەوە.

لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای دانوستانەکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم دەست پێ دەکەنەوە. سەرۆک بارزانییش لە زۆر دیدار و گفتوگۆیەکانی ڕاگەیاندووە، کابینەی دەیەم لەسەر بنەمای یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگە دەبێت.
لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ کرا، پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتییش ٢٣ کورسی بەدەستھێنا، پارتی و یەکێتی وەکو براوەی یەکەم و دووەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ھەوڵەکانیان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن، بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار لە ئاستی باڵا بە دووقۆڵی کۆبوونەتەوە و شاندی تەکنیکی ھەردوو حیزبیش چەندین جار کۆبوونەوەیان کردووە، جگە لە ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەکانی دیکەی ھەڵبژاردن. لەبارەی پێکھێنانی حکوومەت، بەرپرسانی پارتی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، بیروڕاگۆڕینەوە و زەمینەخۆشکردن بۆ کۆبوونەوە و دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی نوێ لە چەندین گەڕی کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتن و لێکنزیکبوونەوە دروست بووە، لەسەر زۆر بابەتی سیاسی و ئیداری لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕێککەوتن دروست بووە و گفتوگۆیەکانیش بەردەوام دەبن و لە کاتێکی نزیکدا موژدەی پێکھێنانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و کابینەی نوێ لەسەر بنەمای یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک ھێزی لەشکر، ڕادەگەیەنرێت.
سەرھەد ئازاد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زۆرجار سەرۆک بارزانی لە دیدار و کۆبوونەوەکانی ئاماژەی بەوەکردووە و ئەوە داواکاری ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستانیشە، زەحمەتە ھیچ ھێز و لایەنێکیش بنەمای یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و یەک ھێزی پێشمەرگە ڕەت بکاتەوە، چونکە ئەگەر ئەوە بکات دەکەوێتە بەر ڕەخنەی کوردستانییان و لەم ھەڵبژاردنە چەند دەنگەکانی کەمی کردووە، لە ھەڵبژاردنی داھاتوو کە بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بکرێت دوو ئەوەندە دەنگەکانی کەم دەکات.
ئەو چاودێرە، ئاشکراشی کرد: پارتی ئەو بنەمایانەی وەکو ھێڵی گشتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم خستووەتە بەردەم لایەنەکان و سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە،‌ یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک ھێزی پێشمەرگە و یەک پەرلەمان زەروورەتی ئەم قۆناغەی حوکمڕانیی کوردستانە، چونکە یەک ھەرێم، واتە پارتی باوەڕی بە ناوچەگەرێتی و زۆنسازی نییە و ئێمە ھەموومان خەڵکی ئەم وڵاتەین بەبێ جیاوازی، یەک حکوومەت، واتە پارتی دەیەوێت حکوومەتی ھەرێم لە کابینەی دەیەم دەستی کراوە بێت بۆ ئەوەی خزمەتی ھەموو ناوچەکانی کوردستان بکات بەبێ جیاوازی.
نزار شاکر، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە بانگەشەی ھەڵبژاردن پارتی بەرنامەیەکی باشی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان خستبووەڕوو، دوای کردنی ھەڵبژاردن و بەدەستێنانی ٣٩ کورسی پارتی دەیەوێت ئەو بەرنامە و کارەی بانگەشەی بۆی دەکرد لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی داھاتوو بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە بەردەوام لەگەڵ لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن کۆدەبێتەوە و دەیەوێت ھەرچی زووە حکوومەت و پەرلەمان پێکبھێنرێن بۆ ئەوەی بەرنامەکەی بخاتە خزمەت کوردستانیان، بە ھەموو توانایەکیش کار بۆ دەرکردنی ئەو یاسایانە دەکات کە پێویستن بۆ قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دەستوور، چونکە بە ھەبوونی دەستوورێکی سەردەمیانە،‌ دەتوانن زیاتر کێشەکان چارەسەر بکەن، لە ھەمان کاتدا ڕێگری لە کارە نادەستوورییەکانی عێراق بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان بکەن، چونکە وەکو دەبینین ڕۆژانە ھەندێک دامەزراوەی عێراق بێ گەڕانەوە بۆ دەستوور و ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەنە، دژی ھەرێمی کوردستان بڕیار دەردەکەن، بەڵام پارتی بەڵێنی بە ھاووڵاتییان داوە، کوردستان بەھێزتر بکات، بە تایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە، ئابوورییەکی فرەچەشن دروست بکات و گرنگی بە داھاتی ناوخۆ بدات لەڕووی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە.
پێکھاتە و ھاووڵاتییان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەن، ھەوڵ بدەن لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت پێکبھێنن، چونکە زۆر کێشە و گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ماون، بە پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو زۆربەی کێشە و گرفتەکان چارە دەبن، بۆیە داوا دەکەین لایەنەکان ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ھەرچی زووە حکوومەت پێکبھێنن. ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر پێویستە، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکوومەت، لە ئێستادا لایەنەکان لەگەڵ یەکدی کۆدەبنەوە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، ئەوەی من ئاگادارم کۆبوونەوەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، بۆیە وای دەبینم لە ماوەیەکی نزیکدا پەرلەمان کۆبێتەوە و کابینەی نوێ پێکبھێنرێت و دەست بە کارەکانی خۆی بکات.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: شاندی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکھێنانی حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و دابەشکردنی پۆستەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بوونەتەوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کۆبوونەوەی تر بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داھاتوودا، پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتییەکەی ھەڵبژێرێت و دەست بە کارەکانی بکات.
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی کە ئایا پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەوێتە پێش یان دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، گوتەبێژی پارتی ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبھێنرێت، ئەوا پرۆسەکانی دیکە بەپێی کات و ڕێکاری یاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن.