ڕائیب جادر – هەولێر
پارێزگاری دھۆک، ڕایگەیاند، ٣٦٧ پارچە زەویی دیکە ئامادەیە و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشی دەکەین، داواش لە فەرمانبەران دەکەم کە فۆڕمی زەوییەکانیان وەرگرت، دوای ھەفتەیەک بڕۆن تاپۆکەی وەربگرنەوە.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ٣٦٧ پارچە زەویی دیکە لە ھەر چوار شارەوانییەکەی سەر بە پارێزگای دھۆک ئامادەکراوە و بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت، دوای ھەفتەیەک زەوییەکان تاپۆ دەکرێن و بە ناوی سوودمەندبووەکە دەکرێت.
لەبارەی بوونی زەوی لە سەنتەری شاری دھۆک، پارێزگاری دھۆک، دەڵێت: زەوی لەناو سەنتەری شار نەماوە و ئێستا ئەو گوند و شوێنانەی نزیکی دھۆکن، زەوییەکانیان لێ دابەش دەکەین.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، ئاماژەی بەوەشدا، ڕاستە ژمارەی ئەو زەوییانەی دابەشی دەکەین زۆر نین، بەڵام نامانەوێت فەرمانبەران چاوەڕێ بکەن، ھەر کە زەوییەکە ئامادەبوو ئەگەر کەمیش بێت دابەشی دەکەین و چاوەڕێ ناکەین ژمارەی زەوییەکان بگاتە ١٠ ھەزار پارچە زەوی ئینجا دابەشی بکەین.
٢٧ـی ئاداری ٢٠٢٤، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی، بڕیارەکە لە ٢٨ـی ئایاری ٢٠٢٤ چووە بواری جێبەجێکردن.

