ئەمڕۆ سێشەممە 2025.8.26، هەریەک لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونى بەرپرسانى دیکەى دەستە و سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەرانى گشتیى فەرمانگە و دامەزراەکانى دیکە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە ڕێورەسمێکدا لە دیوانی پارێزگا، تابلۆی هێڵی گەرمی دەسپاكی ژمارە ( 1015 ) بۆ هاووڵاتیان کاراکرا.
ههفتهی رابردووش له میانی كۆبوونهوهیەکدا پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان له بارهی بیرۆكهی ئەو پرۆژهیه کرد و بوونى هێڵێکى گەرمى لەو شێوەیەیان لە فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومەت بۆ هاووڵاتییان بەپێویست زانى، کە ڕۆڵی زۆرى دەبێت و هاووڵاتى دەست کراوە دەکات لە سەر تۆمارکردنى ئەو سکاڵایانەی کە پێشکەشی دەکات، ئهوهش ئهرك و بهرپرسیاریهتی و له شەفافیەتی دامودەزگاکانی حکومەتی کوردستان و سهروهری یاساوە دهباته قۆناغێكی پێشكهوتوو.
لە ڕێورەسمەکەشدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکى دەستەى دەست پاکى پارێزگاری هەولێر، ئاشکراى کرد، دەستەی دەستپاکی هێڵێکی گەرمی بۆ هاووڵاتییان کارا کردووە. ئەم هێڵەش ڕاستەوخۆیە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات سکاڵا، پێشنیاز، سەرنج و هەر بابەتێک کە پەیوەندی بە گەندەڵی و سنووردارکردنی کاروباریانەوە هەیە، بگەیەننە دەستەی دەستپاکی.
گوتیشى، تابلۆی تایبەت بە زانیارییەکانی ئەم هێڵە گەرمە لە پرسگەی هەموو فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت دادەنرێت، تاوەکو هاوڵاتییان بتوانن لە کاتی پێویستدا بە ئاسانی پەیوەندی بکەن.
جەختی لەوەشکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتگیریی لە سەربەخۆیی و کاراکردنی دەستەی دەستپاکی، داواکاری گشتیی، دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان کردووە، چونکە ئەم دەزگایانە هۆکارن بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروبارەکان.
وتیشى، حکوومەتی هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، هەمیشە جەختى لە دوو پرەنسیپی سەرەکیی کردۆتەوە، ئەوانیش، خزمەتکردنی هاووڵاتییان لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە، و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانە هاوشان لەگەڵ ڕێگریکردن لە گەندەڵی و سنووردارکردنی.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئاشکراى کرد، لە ماوەى ڕابردوودا بە هاوکارى رێكخراوی ( undp) نزیکەى ( 300 بۆ 350 ) تابلۆ بۆ تەواوى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە، کە نزیکەى 150 تابلۆیان لە سنوورى پارێزگاى هەولێرە، بە ئیدارەى سەربەخۆیی سۆرانیشەوە.
وتیشى، پێمان خۆش بوو ئەوپڕۆسەیە لە هەولێر دەست پێبکەین وەکو پایتەختى هەرێمى کوردستان، بۆیە داواى لە بەڕێوەبەر و بەرپرسانى فەرمانگەکان کرد هاوکارى تیمەکانى دەستەى دەسپاکى بن بۆ هەڵواسینى ئەو تابلۆیانە.
ڕاشیگەیاند: ” گەندەڵى پەتایەکى ترسانکە و هەمووان تێیدا زەرمەند دەبین” بۆ ئەومەبەستەش داواى لە هاووڵاتییان کرد، هەر گەندەڵیەک دەبینن لە ڕێگەى ئەو هێڵە گەرمەوە سکاڵا تۆمار بکەن و بۆمانى بنێرن، چونکە هاوکارى کردنى هاووڵاتی بۆ ئەو بابەتە ڕۆڵى ئەساسى دەبینێت.

