لە هەڵمەتێکی تەندروستیدا کە سەرجەم چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێشکەش بە سزادراوان دەکرێت و ئامێری تایبەت بە پشکنینی پزیشکی، سۆنەر، پێوانەکردنی زەخت و شەکرەش بۆ بنکە تەندروستییەکانی ناو چاکسازییەکان دابین دەکرێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هەڵمەتەکەی بە بەرزی نرخاند و تاکیدی کردەوە، کە لە کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەولەویەت بە سەنتەربوونی هاووڵاتی و سەرفرازی و تەندورستی هاووڵاتیان دراوە، ئەم چالاکیەش لە یەککاتدا تەندورستی و مرۆڤدۆستی کەرامەتی هاووڵاتیانی بەهەند وەرگرتووە، سیاسەتی حکوومەتیش لەگەڵ باشتر کردنی کوالێتی خزمەتکردنی تەندورستیی هاووڵاتیان دایە، ئەوەش لە سروشتی خۆیدا هەماهەنگی و هاوبەشی گشتی پێویستە، بۆیە دەبێت هەموو لایەکمان خوڵقێنەری ئەو زەمینەسازیە بین .
ئەو هەڵمەتە تایبەتە بە پشکنین و چارەسەرکردنی ڕاگیراوان و سزاداراون و دابین کردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی، هەڵمەتەکە لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر دەستی پێکرد و لە دوای هەولێریش شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەمان هەڵمەتی تێدا ئەنجام دەدرێ.
د. ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەڵمەتەکەوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیییەکەدا، ڕایگەیاند؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی پاو، تۆڕی بندییەکان و بە چاودێری خاچی سووری نێودەوڵەتی، تیمێکی تەندروستیی کارا پێکهێنراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم تیمە ئەوەیە کە بتوانرێت لە ماوەی هەفتەیەکدا پشکنین بۆ سەرجەم سزادراوان لە هەموو چاکسازییەکان ئەنجام بدرێت و دەرمان و جلوبەرگیان بۆ دابین بکرێت. هەروەها ئامێری تایبەت بە پشکنینی پزیشکی، سۆنەر، پێوانەکردنی زەخت و شەکرەش بۆ بنکە تەندروستییەکانی ناو چاکسازییەکان دابین دەکرێت.
ڕاشیگەیاند: “هیوادارین هەموو چاکسازییەکان سوودمەند بن لەم هەڵمەتە. بەهۆی قەیرانی داراییەوە بێگومان کەموکوڕیمان هەیە، بەڵام لە هەوڵداین بەهەموولایەک خزمەتێکی باش بگەیەنین. ئەمە سەرەتایەکە و دوابەدوای هەولێر، لە سلێمانی و دهۆکیش دەست پێدەکەین.”
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو؛ هەڵمەتەکە هەر شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و وەک سەرەتایەک بۆ هاوکاریی بەردەوامی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوەکان، پزیشکانی ددان، دەرمانسازان و کارمەندانی تەندروستی لێی دەڕوانرێت. د. ئیحسان ڕۆڵی بەرزی ئەو کەس و لایەنانەی نرخاند کە هاوکار و پاڵپشتی پڕۆژەکە بوون.
هەر لەوبارەیەوە، دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، ڕایگەیاند: ” هەڵمەتە تەندروستییەکەمان لە سنووری چاکسازییەکان دەستپێکردووە، سەرەتا لە چاکسازیی نەوجەوانانەوە دەست پێدەکات و وتیشی؛ لە هەموو چاکسازییەکاندا بنکەی تەندروستی هەیە و کاری ڕۆژانەیان چارەسەرکردنی ئەو کەسانەیە پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەیە. دلۆڤان محەممەد دڵنیاییدا کە زۆربەی پسپۆڕییە پزیشکییە پێویستەکان بەگوێرەی جۆر، تەمەن و ڕەگەزی سزادراوان لە چاکسازییەکاندا دابین کراون.
شایەنی باسە لە هەرێمی کوردستان شەش بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی هەیە، لە هەر یەکێک لەو بەڕێوەبەرایەتییانە بنکەیەکی تەندروستی 24 کاتژمێری هەیە کە تایبەتە بە چاودێریکردنی تەندروستی ڕاگیراوان و سزاداراون.

