هەولێر
پێگەی میدیایی سابرین نیوز لەسەر ڕووداوەكانی ئەم دوایەی سلێمانی بابەتێكی پڕ لە چەواشە و ڕقی بە زمانی فارسی بڵاو كردۆتەوە و بە مەبەستی دژایەتیكردنی هەولێر و پارتی و خانەوادەی سەربەرزی بارزانی، سناریۆیەكی سەیر و سەمەرەی هۆنیوەتەوە و بڵاوی كردۆتەوە، كە هیچ عەقڵێكی ساغلەم و بەئاگا بڕوا بەم سناریۆ و قسانەیان ناكات.
ئێمە زۆر چاك دەزانین سابرین نیوز سەر بە كوێیە و خزمەتی چ ئەجێندایەك دەكات و ئامانجی چەواشەكارییەكانی زۆر ڕوونە. بەڵام نەسیحەتیان دەكەین، كە لەبری ئەوەی ئەوەندە خۆیان ماندوو بكەن و درۆ و دوژمنكاری بهونێنەوە و فكر و زكریان ببێتە دژایەتی خانەوادەی بارزان و هەولێر و پارتی، با بیرێك لە دۆخی خۆیان بكەنەوە و كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، با بچن كێشەی كارەبا و ئاو و گرفتەكانی تری خۆیان چارەسەر بكەن، كە ملیۆنەها لە هاووڵاتییانیان پێیەوە دەناڵێنن.
خەڵكی كوردستان زۆر باش دەزانن، كە مێژوو و باكگراوند و هۆكارەكانی ڕووداوەكەی لالەزاری سلێمانی چین و بۆچی كێشەكانی ئەوێ بەم شوێنە گەیشت، ئەم گرفتانە هیچ پەیوەندی بە پارتی و هەولێر و خانەوادەی بارزانی نە لە ڕابردوو و نە لە ئێستادا نەبووە و نییە. خاوەنانی سابرین نیوزیش ئەم ڕاستیانە باشتر لە هەمووان دەزانن، بۆیە داوایان لێ دەكەین بەڵای خۆیان لە كۆڵ خەڵكی كوردستان بكەنەوە، ئەوەندە زكر و فكریان نەبێتە خانەوادەی بارزانی، با ئاوڕێك لە دۆخی خۆیان بدەنەوە و خەریكی گرفت و چەرمەسەرییەكانی خۆیان بن زۆر باشترە!..

