لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێكی نوێدا ڕەزامەندیی بۆ پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە داوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئێستا وردبینی بۆ ناوی 20 هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە، بڕیاریشە بەمزووانە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەربکات.
هاوکات لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشکردندا.
ئەمە لەكاتێكدایە كە تا ئێستا نزیكەی 200 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی 480 هەزار پارچە زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.

