رۆژنامەی ھەولێر

سەید کاکە پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، ئیسماعیل عومەر خدر، ناسراو بە سەید کاکە، فەرماندە و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لە شاری هەولێر و لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەید کاکە، ساڵی 1932 لە شاری هەولێر لەدایک بوو.

دەرچووی قۆناغی سەرەتایی بوو و لە سەر دەستی مامۆستا گۆرانی شاعیر فێری خوێندەواری ببوو.

لە ساڵی 1953 لە ڕاپەڕینی جووتیارانی دەشتی هەولێر دژ بە دەرەبەگەکان بەشدار بوو.

هەر لەو ساڵەدا پەیوەندی بە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد.

ساڵی 1956 بەهۆی چالاکیی سیاسی و کوردایەتییەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی کرا و ئەشکەنجە درا.

ساڵی 1961 سەرەتا وەک شانەی چەکداریی هێزی پێشمەرگە لە ناو شاری هەولێر چالاکیی کرد و دوای ئاشکرابوونی لە لایەن دەزگای هەواڵگریی سوپای عێراقەوە، پەیوەست بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە بوو.

ساڵی 1962، لە هێزی پێشمەرگە پلەی سەردەستە بوو و ساڵێ 1963 لە شەڕی گوندی قەشقە لە هەولێر بەشدار بوو.

ساڵی 1963 لە شەڕی خوڕخوڕ (هەولێر) دژی هێزی پاسەوانانی نەتەوەیی بەشدار بوو.

ساڵی 1963 لە شەڕی ئازیانە (کەرکووک) لە دژی پاسەوانانی نەتەوەیی و سوپای عێراقی بەشدار بوو.

ساڵی 1964 پلەی پێشمەرگایەتیی بەرز کراوە بۆ سەرپەل.

ساڵی 1964 لە هەولێر لە بەڕێوەبەرانی ئاهەنگی جەژنی نەورۆزی بێستانە بوو.

ساڵی 1964 نوینەری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شارۆچکەی قەڵادزێ بوو.

ساڵی 1965 بەشداریی لە داستانی سەفیندا کرد.

ساڵی 1966 پلەی پێشمەرگایەتیی بەرز کراوە بۆ فەرماندەی لق لە بەتالیۆنی دەشتی هەولێر لە هێزی سەفین.

ساڵی 1966 نوێنەی کۆنگرەی حەوتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

ساڵی 1969 وەک فەرماندەی بەتالیۆنی یەکی هێزی دەشتی هەولێر لە ناوچەی دیدەوان بەرەنگاری هێزی زەمینیی سوپای عێراق بووەوە و توانیی بە سەریاندا سەر کەوێ.

ساڵی 1970 نوێنەری کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

ساڵی 1974 پلەی پێشمەرگایەتیی بەرزکراوە بۆ فەرماندەی بەتالیۆنی یەک لە هێزی دەشتی هەولێر.

ساڵی 1974 لەو فەرماندانە بووە کە لە تێکشکاندنی هێزی زەمینیی سوپای عێراق لە شەڕی ماکۆکدا بەشدار بوون.

ساڵی 1991 وەک فەرماندەیەک، لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا بەشدار بوو.

ساڵی 1993 لە کۆنگرەی یازدەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.

ساڵی 1999 لە کۆنگرەی دوازدەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردرا.

ساڵی 2010 نوێنەری کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر بوو.

لە ڕێکەوتی 15ی کانوونی یەکەمی 2010 لە لایەن سەرۆک بارزانییەوە، میداڵیای بارزانیی نەمری پێ بەخشرا.