رۆژنامەی ھەولێر

هەڵمەتی هەفتەی تەندورستی لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی ژنان و منداڵان دەستی پێکرد

 

ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24.8.2025 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، و دکتۆر دلۆڤان محەمەد بەرێوبەری گشتی تەندورستی هەولێرو ئیحسان عەبدولرەحمان بەرێوبەری گشتی چاکسازی و کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە پزیشک و نوێنەری سەندیکاو رێکخراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی ژنان و منداڵان، هەفتەی تەندروستی بەرێوەچوو ….

هەڵمەتەکە بە چاودێری خاچی سوری نێودەوڵەتی و بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و بەرێوبەرایەتی گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەوقاف و کاروباری ئاینی و بە بەشداری سەندیکاکانی پزیشکی و ژمارەیەک کۆمپانیا ئەنجام درا …

لە وتەیەکدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هەڵمەتەکەی بەبەرزی نرخاندو تاکیدی کردەوە، کە لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی رێزدار مەسرور بارزانی ئەولەویەت بە سەنتەربوونی هاوڵاتی و سەرفرازی و تەندورستی هاوڵاتیان دراوە، ئەم چالاکیەش لە یەککاتدا تەندورستی و مرۆڤدۆستی کەرامەتی هاوڵاتیانی بەهەند وەرگرتووە، سیاسەتی حکومەتیش لەگەڵ باشتر کردنی کوالێتی خزمەتکردنی تەندورستی هاوڵاتیان دایە، ئەوەش لە سروشتی خۆیدا هەماهەنگی و هاوبەشی گشتی پێویستە، بۆیە دەبێت هەموو لایەکمان خوڵقێنەری ئەو زەمینەسازیە بین …
ئەو هەڵمەتە تایبەتە بە پشکنین و چارەسەرکردنی ڕاگیراوان و سزاداراون و دابین کردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی، هەڵمەتەکە لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر دەستی پێکرد و لە دوای هەولێریش شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەمان هەڵمەتی تێدا ئەنجام دەدرێ….

شایەنی باسە لە هەرێمی کوردستان شەش بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی هەیە، لە هەر یەکێک لەو بەڕێوەبەرایەتییانە بنکەیەکی تەندروستی 24 کاتژمێری هەیە کە تایبەتە بە چاودێریکردنی تەندروستی ڕاگیراوان و سزاداراون.