رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر کۆنفرانسی زانستى ساڵانەى هیماتۆلۆجی بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونى د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و ژمارەیەکى تر لە پزیشکی و شارەزا و پسپۆڕان و توێژەران و مامۆستایانى زانکۆ، لە هەولێرى پایتەخت، کۆنفرانسی زانستى ساڵانەى هیماتۆلۆجی بەڕێوەچوو.

لەوبارەیەشەوە، پارێزگارى هەولێر، جگە لەوەى ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەى بە گرنگ زانى، کە دەبێتە ھۆی لە یەکتر نزیکبوونەوەی ئەکادیمیستان و گۆڕینەوەی ڕاوبۆچوونیان لەسەر بابەتە زانستیەکان و ھاوبەشیکردنی یەکتر لە پڕۆژەکانیان، دەستخۆشی لە لیژنەی ئامادەکار كرد، کە توانیوانە لە کۆنفرانسەکەدا پزیشکان و پسپۆرانى تایبەت بە بوارەکە بە یەکەوە کۆبکاتەوە بۆ کاری ھاوبەشی زانستی و پێشکەشکردنى داهێنانەکانیان و ئومێدی سەرکەوتنى بۆ خواستن.
جێگەى باسە، هیماتۆلۆجی لقێکی زانستە کە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشیەکانی ئەندامەکانی دروستکەری خوێن وەک سپڵ و مۆخی ئێسک و هەروەها نەخۆشیەکانی خوێن دەکات. باوترین حاڵەتەکانیش لەو بوارەدا بریتین لە کەمخوێنی، کەمخوێنی دەریای ناوەڕاست و شێرپەنجەی خوێن. نیشانەکانی ئەم نەخۆشیانە بە ئەنجامدانی هەندێک پشکنین دەستنیشان دەکرێن و شێوازی چارەسەرکردن بەکاردەهێنرێن.