رۆژنامەی ھەولێر

کۆمپانیای هانت ئۆیل لە هەرێمی کوردستان دەستی بە کار کردەوە

ڕۆژی شەممە 23ـی ئابی 2025، وتەبێژێکی کۆمپانیای هانت ئۆیلی ئەمریکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کۆمپانیاکەیان لە هەرێمی کوردستان دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە ئەمەش مانگێک دوای ئەوە دێت کە کارەکانی کۆمپانیاکە لە کێڵگەیەکی نەوتی نزیک شاری دهۆک بە هۆی هێرشی درۆنییەوە ڕاوەستابوو.

ڕۆژێک پێشتریش کۆمپانیای DNOی نەرویجی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندبوو.

کۆمپانیای هانت ئۆیل لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دەرهێنانی نەوت لە کێلگەی باعەدرێی سەر بە قەزای شێخانی پارێزگای دهۆکە. ئەم کێلگەیە لە مانگی رابردوودا دوو جار بە درۆن هێرشی کرایە سەر و بەم هۆیەشەوە کارەکانی کۆمپانیاکە و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێلگەکە بە تەواوی ڕاوەستابوو.

کۆمپانیای هەنت ئۆیل یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار دەکات.

ئەم کۆمپانیایە کە بنکەی سەرەکییەکەی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکایە زیاتر لە 90 ساڵە لە بواری دەرهێنانی نەوتدا چالاکە و ئێستا لە چەندین ناوچەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرانسەری جیهاندا، بە شێوەیەکی چالاکانە خەریکی کاری گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتە.