ئەمڕۆ پێنجشەممە سێیەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی بە بەشداریی وەزیرانی پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکی دیکەی حکوومەت و مامۆستایان و پسپۆڕانی پەروەردەیی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، ئامانجی کۆڕبەندەکە کەڵک وەرگرتن بوو لە تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.
وەزارەتی پەروەردە لە كۆڕبەندەكەدا پرۆژەی (قوتابخانەکەم) راگەیاند کە پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵییە بۆ فێرکردن بۆ پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەم کە تێیدا سوود لە زیرەکیی دەستکرد (AI) وەرگیراوە، ئەمەش ئاماژەی گرنگیدانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە سوودوەرگرتن لە بواری پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا.
لەبارەی ئەپڵیكەیشنی قوتابخانەكەم، زوهێر محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی رایگەیاند “پرۆژەی قوتابخانەکەم چەندین ڤیدیۆ و چالاکی هەموو وانەکانی خوێندنی پۆلی یەکەم، دووەم و سێیەمی بنەڕەتی تێدایە، تێکەڵکردنی زیرەکیی دەستکردە و لە قوتابخانەکان سوودی لێوەردەگیرێت”.
لە کۆڕبەندی ئەمساڵی پەروەردە ڕاسپاردە و پێشنیاز دەدرێتە وەزارەتی پەروەردە و لە ئایندەدا دەبێتە بنەمایەک بۆ پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن.
جێگیرکردنی سیستمی دیجیتاڵی لە وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکان، یەکێک بووە لە ستراتیجەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

