چواس خالید
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دروستكردنی دووسایدی شه‌قامی حاجی ئۆمه‌ران، زیادتر له ٧٠%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه و ڕشتانه كار له ته‌واوكردنی ده‌کرێت، شه‌قامی دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه و كوالێتی به‌رز بڕیاره له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واوبكرێت و بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه.
پڕۆژه‌ی ڕۆنانی دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران پڕۆژه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و له ده‌ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٤ كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له‌وكاته‌وه ڕشتانه كار له ڕۆنانی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران ده‌كرێت و ئێستا ٧٠%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه و هه‌وڵ ده‌درێت له ماوه‌یه‌كی نزیكدا ته‌واوبكرێت و بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران، كه له ده‌روازه‌ی فه‌رمی و نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، بۆ مه‌ودای دوو كیلۆمه‌تر و نیو درێژ ده‌بێته‌وه، شه‌قامه‌كه به پانی بیست و پێنج مه‌تره‌وه و به كوالێتی به‌رزی ستاندارد ڕۆده‌نرێت.
له پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران دا، به‌هۆی ڕۆچوونی زه‌وی و درێژی ته‌مه‌نی شه‌قامه‌كه، په‌نجا سانتیمه‌تر پرۆفیل به‌كار ده‌هێندرێت و له كۆتایشدا شه‌قامه‌كه دوو چین قیرتاو ده‌كرێت، كه به‌وه ته‌مه‌نی شه‌قامه‌كه درێژتر ده‌كاته‌وه.
پڕۆژه‌کە كه له ده‌ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٤ كه‌وتووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، بڕیاره له مانگی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٥ كاره‌كانی به‌یه‌كجاره‌كی ته‌واو ببێت و بخرێته خزمه‌ت هاووڵاتیانه‌وه.
پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری دووسایدی حاجی ئۆمه‌ران، كه یه‌كێكه له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌هۆیه‌وه ئاسانكاری هاتوچۆی ڕێبوران و گه‌شتیاری و بازرگانی فه‌راهه‌م ده‌هێنێت، له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌کەدا، تیمێكی ئه‌ندازیاری سه‌ر به به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كانی سۆران سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و كار ده‌كرێت به كوالێتی به‌رزه‌وه ته‌واو بكرێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕشتانه كاری له به‌رزكردنه‌وه‌ی ژێرخانی هه‌رێمی كوردستاندا كردووه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئێستا چه‌ندان پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له جێبه‌جێكردندان و له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا به كوالێتی به‌رز ته‌واو ده‌كرێن و ده‌خرێنه خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه و حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ به نه‌ناردنی به‌شه بودجه‌كه‌ی، نه‌یتوانیوه پێش به‌و پێشكه‌وتنه و ئاوه‌دانییه بگرێت، له‌گه‌ڵ نه‌ناردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ماوه‌ی یازده ساڵ، كه‌چی ژماره‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له هه‌رێمی كوردستان به‌رزه.
جێبه‌جێكردنی ژماره‌ی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری له كوردستان به‌جۆرێكه، به‌پێی ئاماری به‌رده‌ست ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، له ١٠ ی ته‌مووزی ٢٠١٩، تا كۆتایی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٤، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بڕی ترلیۆنێك و هه‌شت سه‌د و شه‌ست و سێ ملیار دیناری عێراقی، هه‌زار و نۆ سه‌د و شه‌ست و حه‌وت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له سێكته‌ری ڕێگه‌وباندا جێبه‌جێكردووه.
له‌و هه‌زار و نۆ سه‌د و شه‌ست و حه‌وت پڕۆژه‌یه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا جێبه‌جێكراوه، زۆرێك له پڕۆژه‌كان ستراتیژن و له ڕێگه‌ی نێوان پارێزگاكان ڕۆنراون و له نێویاندا ڕۆنانی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی و شه‌قامی بارزان له دپارێزگای دهۆك هه‌ن، كه ئه‌و شه‌قامانه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كه‌مكردنەوه‌ی جه‌نجاڵی له شاره‌كاندا هه‌یه و ئاسانی هاتوچۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
هه‌ر به‌پێی داتاكه، له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تا ئێستا هه‌زار و نۆ سه‌د و شه‌ست و حه‌وت پڕۆژه‌ی دروستكردن و ڕۆنانی شه‌قام له ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی، جیا له چه‌ند دانه‌یه‌كیان كاره‌كانیان ١٠٠% ته‌واو بووه و خراونه‌ته خزمه‌ت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
واتا سه‌رباری ته‌نگژه و ئاڵۆزییه‌كان و نه‌ناردنی موچه و بودجه، ته‌نیا له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ڕۆژێك و به‌بێ پشوو، زیادتر له پڕۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری ته‌نیا له كه‌رتی ڕێگه‌وباندا پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانی كردووه.

