رۆژنامەی ھەولێر

هاوپەیمانان هانی حکوومەتی هەرێم دەدەن لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە پەلە بکات

 

سلێمان تاشان

 

هێزەکانی هاوپەیمانان  و ئەمەریکا زیاتر لە جاران لە هێزەکانی پێشمەرگە نزیک کەوتوونەتەوە و خەمخۆری یەکخستنی یەکجارەکیی هێزەکانی پێشمەرگەن و دەخوازن لە چوارچێوەی یەک هێزی تۆکمەی نیشتمانی ڕێکیان بخەنەوە. فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان جارێکی تر پێداگری لەو ویستە کردووەتەوە و لە ناوخۆی هەرێمیش ئەو هەوڵانە چڕتر کراونەتەوە.

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە بە هاوکاریی  هێزەکانی هاوپەیمانان هەنگاوەکانیان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە چڕتر کردووەتەوە. لە میانەی کۆبوونەوەی نێوان فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و کۆڵۆنێڵ جۆزێف سال، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و تیمێکی یاوەری ئەو ئامانجە خرایە ڕوو.

کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان و تاوتوێکردنی بارودۆخی هەنووکەیی هێزی پێشمەرگە و پەرەپێدانی پێوەندیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان .

ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان زۆر خەمخۆر بوون لە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و لە ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە تێکەڵکردنی بەشێک لە لیواکان و لە نزیکەوە ڕۆڵ دەگێڕن لە یەکخستنی یەکجارەکیی هێزەکانی پێشمەرگە.

 

فاکتەرێکی سەرەکیی بنیاتنانی دەوڵەت و نیشتمان ئەوەیە هێزێکی پتەو و پوشتە و پەرداخ و یەکگرتوو پارێزگاری لێ بکات، لە هەرێمی کوردستان ئەو هێزە هەیە بەڵام هێشتا بە تەواوی بە دامەزراوەیی نەکراوە و لە ژێر چەتری یەک فەرماندە و حکوومەتدا کۆ نەکراوەتەوە.  کاتی ئەوە هاتووە هێزی پێشمەرگە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتدا بێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی جێبەجێ بکات ، سەرۆک مەسعود بارزانی چەند جارێک پێداگری لەسەر ئەو ئامانج و ویستە کردووە کە یەک حکوومەت و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان هەبێت.

لە دەیەی ڕابردوودا هەنگاونان بۆ یەکخستنی پێشمەرگە زۆر خێراتر بووە و ئەوەی لەم هەنگاوانەدا ڕۆڵی کاریگەری بینیوە ئەمەریکا بووە و لە پاڵ ئەمەریکا ژمارەیەک لەو وڵاتانەی لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشدابوون یارمەتیی هەرێمی کوردستانیان داوە لەوەی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووی پوشتە و پەرداخی هەبێت و لە حزب داماڵڕابێت و لەنزیکەوە ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە کردووە.

لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک لیوای پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕۆڵیان پێ سپێڕدراوە، ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەیش ماون کە لە دەرەوەی وەزارەتەکەن و هەنگاوەکان چڕ کراونەتەوە تا ئەوانەش یەک بخرێن.

بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سوپالاساری پێشووی عێراق سەرەتای مانگی ڕابردوو  ڕای گەیاندبوو کە سەرقاڵی یەکخستنەوەی هێزەکان و دروستکردنی فیرقەکانن و خەریکن دواین فیرقەی سەربازی دادەمەزرێنن.

ئەمەریکا لە دەیەی ڕابردوودا چەندین خولی ڕاهێنانی بۆ پێشمەرگە کردووەتەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە  و ئەمەریکا تەنانەت مانگانە مووچە و بودجەی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگەی بڕیوەتەوە و بۆی دابین کردوون.

لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو ستیڤن بیتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە کاتی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵی تەندروستیی تایبەت بە پێشمەرگە گوتبووی لە ڕێگای ئەو پلاتفۆرمەوە هەوڵ دەدەن پێشمەرگە زیاتر بە پیشەیی بکەن و کاریگەرییەکانی حزب لەسەر ئەو هێزە کەم بکەنەوە  بەو ئامانجەی تۆکمە و کاریگەرتر ببن و تەنیا لە ژێر فەرمانی حکوومەتدا بن.

 

پێشتریش وەزیری پێشمەرگە پێداگری کردووە کە كارەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەگوێرەی پلان بەڕێوە دەچن‌ و یەكخستنی پێشمەرگە بەشێكی سەرەكییە لە بەدەستهێنانی ئامانجەكان بۆ دروستكردنی سوپایەكی بەهێز و نیشتمانی و تەنانەت گوتبووی پرۆسەی چاكسازی ‌و یەكخستنی هێزی پێشمەرگە قۆناغی دژواری بڕیوە و تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بە یەکەکانی حەفتا و هەشتاوە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك دەخرێنەوە.